بۆ زە بێست عێراقییەکان دەنگیان بە کێ داوە؟

18-01-2022
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ 


دوای ئاشکراکردنی براوەی خەڵاتەکانی زە بێست بۆ باشترینەکانی جیهان لە ساڵی 2021 لەلایەن فیفاوە، دەنگی هەموو ئەوانە ئاشکراکرا کە داویانە بە بەربژێرەکان.
 
لە رێوڕەسمێکدا کە لە شاری زیوریخی سویسرا لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانەوە رێکخرابوو، لیڤاندۆڤسکی وەک باشترین یاریزانی جیهان بۆ ساڵی 2021 خەڵاتکرا، دوای ئەوەی لە رکابەرییەکەدا بەرامبەر هەریەکە لە لیۆنێل مێسی و محەممەد سەڵاح سەرکەوت.
 
ژێلیکۆ پێترۆڤیچ، راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق بۆ دەنگدانی زە بێست، دەنگی یەکەمی بە تۆبێرت لیڤاندۆڤسکی داوە، دەنگی دووەمیشی بۆ کیلیان ئێمباپێ و سێیەمیش بۆ محەممەد سەڵاح بووە.
 
لە دەنگدانی کاپتنی هەڵبژاردەکانیشدا، ئەمجەد عەتوان، سەرکردەی هەڵبژاردەی عێراق دەنگی یەکەمی بە ئێنگۆلۆ کانتێ داوە، دەنگی دووەمی بە لیۆنێل مێسی و سێیەمیشی داوەتە محەممەد سەڵاح.
 
لەسەر ئاستی میدیاکانیش، تاکە میدیاکاری عێراقی کە مافی دەنگدانی هەبووە، ئەرشەد سەباح ئەل ساعدی بووە، کە دەنگی یەکەم بۆ مێسی و دووەم بۆ سەڵاح و سێیەمیش بۆ کەریم بنزیما بووە. 
 
لیڤا لە 2021دا باشترین ئاستی خۆی پێشکێشکرد، بە تۆمارکردنی 48 گۆڵ بووە گۆڵکاری خولە گەورەکانی ئەوروپا، دوای لەدەستدانی باڵۆن، لەلایەن فیفاوە خەڵاتی زە بێستی پێدرا، بەمەش بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک بووە باشترین یاریزانی جیهان.
 
دوای بردنەوەی خەڵاتەکە لیڤاندۆڤسکی گوتی " هەست بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکەم و شەڕەفێکی گەورەیە بۆ من کە ئەم خەڵاتەم بردووەتەوە، سوپاسی هاوڕێکانم و راهێنەرەکەم دەکەم بۆ ئەو هاوکارییەی کە بەردەوام بۆ منی دەکەن، ئێمە بەیەکەوە کاردەکەین بۆ بردنەوەی یارییەکان و بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان، بۆیە ئەم خەڵاتە هی ئەوانیشە."
 
 
خەڵاتەکان
 
لە ئاهەنگی زە بێستدا کۆمەڵێک خەڵات دابەش دەکرێن، بەڵام بێگومان خەڵاتی زە بێست بۆ باشترین یاریزانی پیاو گرنگترینیانە. خەڵاتەکان ئەمانەن:
 
ــ باشترین یاریزان - رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی 
ــ باشترین خانمە یاریزان - ئالێکسیا پوتییاس 
ــ باشترین راهێنەری پیاو - تۆماس تۆخێل 
ــ باشترین راهێەنری خانمان - ئێما هایس 
ــ باشتری گۆڵپارێزی پیاوان - ئێدوار مێندی 
ــ باشترین خانمە گۆڵپارێز - کریستیانی ئێندلەری 
ــ خەڵاتی پۆشکاش بۆ جوانترین گۆڵ - ئێریک لامێلا 
ــ خاڵاتی فیفا بۆ هاندەران - دانیمارک و فینلەندا 
ــ خەڵاتی یاریی خاوێن - هەڵبژاردەی دانیمارک و دەستەی راهێنەر و پزیشکانی 
ــ تیپی فيفپرۆ بۆ پیاوان - دۆنارووما ، دیاز ، بۆنوچی ، ئالابا ، دیبرۆین ، کانێ ، جۆرجینیۆ ، کریستیانۆ ، مێسی ، ئێمباپێ ، لیڤاندۆڤسکی 
ــ گۆڵکەری گۆی زەوی - کریستیانۆ رۆناڵدۆ 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە