ڤیدیۆ؛ ئەردۆغان و ئامینە گۆلشە ئۆزێلیان بردە فێنارباخچە


رووداو دیجیتاڵ

مەسعود ئۆزێل، بۆ پەیوەندیکردن بە یانەی فێنارباخچەی تورکی لە ئیستەنبووڵە و چەند کاژێری داهاتوو بەفەرمی گرێبەستی یاریزانەکە بۆ ئەو یانەیە رادەگەیێندرێت.

شەوی رابردوو ئۆزێل لەگەڵ ئامینە گۆلشەی هاوژینی بە فرۆکەیەکی تایبەت گەیشتە ئیستەنبووڵ و پێشوازییەکی گەورەی لێکرا، یاریزانەکە بە ملپێچێکی یانەی فێنارباخچێ و بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە دەرکەوت و بە پەرۆشە بۆ پەیوەندیکردن بە یانەکە.

فێنارباخچە لە تویتێکدا وێنەکانی ئۆزێلی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی: ئۆزێل لە ئیستەنبووڵە.

مەسعود ئۆزێل لەکاتی گەیشتنی بۆ ئیستەنبووڵ بە رۆژنامەڤانانی گوت: " زۆر بە پەرۆشم، چونکە هەمیشە یەکێک بووم لە هاندەرانی فێنارباخچە، خەونە گەورەکەم بووە راستی، زۆر بەپەرۆشم بۆ پۆشینی درێسی فێنارباخچە، هیوادارم زۆر سەرکەوتووبووین لەگەڵ هاوڕێکانم لە تیپەکەدا ".

ئۆزێل زیاتر گوتی: "زۆر پیرۆزبایی لە هاندەران دەکەم، چونکە پاڵپشتیی ئێمەن، جارێکی دیکە زۆر دڵخۆشم کە لێرەم، هیوادارم رۆژێک بەو ئاستەی لە یاریگەدا پێشکێشی دەکەم، سوپاسی هاندەران بکەم ".

ئۆزێلی 32 ساڵ، لەسەرەتای ئەم وەرزەوە لەلایەن میکێل ئارتێتای راهێنەری ئارسیناڵەوە پشتگوێخراوە، ماوەیەکی زۆرە ناوی بە یانەی فێنارباخچەوە بەستراوەتەوە و لەسەر داوای رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئامینە گۆلشەی هاوژینی یانەی فێنارباخچەی هەڵبژارد.

ئۆزێل لە 2013ـەوە لە یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی یارییدەکات، مووچەیەکی بەرزی لەو یانەیە وەردەگرت کە دەگەیشتە 14 ملیۆن یۆرۆ، بۆیە لە کاتی پشتگوێخستنیشی ئامادەنەبوو لە یانەکە بڕوات.

پێشتر ئۆزێل لەسەر تویتەر وەڵامی چەند هاندەرێکی خۆی دایەوە و رایگەیاند، ئەگەر بچێتە خولی تورکیا جگە لە یانەی فێنارباخچە بۆ هیچ یانەیەکی دیکە یاریی ناکات.

مەسعود ئۆزێل و ئامینە گولشەی هاوژینی پەیوەندییەکی زۆرباشیان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا هەیە، لەکاتی مارەبڕینەکەیاندا ئەردۆغان وەک شایەتحاڵی هاوژینییەکەیان لە رێورەسمەکەدا ئامادەبوو، چوونی یاریزانەکەش بۆ یانە تورکییەکە هەر لەسەر داوای ئەردۆغان و ئامینە بووە.