ڤیدیۆ؛ ئاتلێتیک بیلباو جامی سوپەری ئیسپانیای لە چنگی بارسێلۆنا دەرهێنا

رووداو دیجیتال

یانەی ئاتلێتیک بیلباو بۆ سێیەمینجار نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیای له مێژووی خۆیدا بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاری کۆتاییدا 3 - 2 لە بارسێلۆنای بردەوە.

ئانتۆان گریزمان لە خولەکی 40 گۆڵی پێشکەوتنی بۆ بارسێلۆنا بەدەستهێنا، بەڵام دوای تەنیا دوو خولەک ئۆسکار دی مارکۆس ئەنجامەکەی بۆ بیلباو یەکسانکردەوە.

لە نیوەی دووەمدا جارێکی دیکە بارسا و هەر ؛ە رێگەی گریزمانەوە دەستپێشخەری کرد و گۆڵی دووەمی لە خولەکی 77 تۆمارکرد، بەڵام کوڕانی مارسیلینۆ خۆیان بەدەستەوەنەدا و ڤیالیبری لە دوایین خولەکدا گۆڵی یەکسانبوونی بۆ یانەی باسکی تۆمارکرد و یارییەکەی بردە دوو گێمی زیادکراو.

لە یەکەم گێمی زیادکراودا ئینیاکی ویلیامز تەنیا 3 خولەکی پێویست بوو بۆ ئەوەی گۆڵێکی جوان لە تیرشتیگن تۆماربکات، کە دواتر بارسا نەیتوانی ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە و یارییەکە لە بەرژەوەندی ئاتلێتیک بیلباو کۆتاییهات و نازناوەکە بووە بەشی خۆی.

لە دواخولەکەکانی یارییەکەدا لیۆنێل مێسی بە کارتی سوور دەرکرا، کە یەکەم کارتە لە مێژووی یاریکردنی بۆ بارسێلۆنا وەردەگرێت، باس لەوەش دەکرێت کە ئەگەر هەیە مێسی لە یارییەک زیاتر سڕبکرێت.