لێدوانی فەرمی عەلی جاسم لەبارەی بەجێهێشتنی یانەی کۆمۆ
رووداو دیجیتاڵ
عەلی جاسم، ئەستێرەی تۆپی پێی عێراق و یانەی کۆمۆی ئیتاڵی باس لە داهاتووی خۆی لەگەڵ ئەو یانەیە دەکات و ستایشی ئاستی سعود عەبدولحەمید، یاریزانی سعودی و یانەی رۆماش دەکات.
لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی داهاتووی عەلی جاسم، لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکە بڵاوکرانەوە کە گوایە لە گواستنەوەی زستانەدا ئەو یاریزانە ریزەکانی یانەکەی بەجێدەهێڵێت.
ئەستێرە عێراقییەکە لە لێدوانێکی نوێدا لەبارەی داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەی کۆمۆ دەڵێت "یارییکردن بۆ یانەی کۆمۆ هەواڵێکی دڵخۆشکەرە و بۆ عێراق هەژمار دەکرێت، بەڵام بۆ من هێشتا تەواو نییە، بەتایبەت کە خولەکی زۆرم نییە بۆ یارییکردن."
عەلی زیاتر دەڵێت " لە خولی هۆڵەندا، تورکیا، سعودیە، قەتەر و ئیماراتەوە گرێبەستم بۆ هاتووە، بەڵام چاوەڕێی کرانەوەی دەرگای گواستنەوەی زستانە دەکەم بۆ ئەوەی داهاتووی خۆم یەکلابکەمەوە. یارییکردنم بۆ یانەی کۆمۆ ئەزموونێکی زۆر بە سوود بوو و هیوادارم هەلی یارییکردنم لە ئەورووپا هەبێت بۆ ئەوەی توانای یاریزانی عێراقی بسەلمێنم."
ئەو یاریزانە لەبارەی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ کۆمۆ گوتی "سەرۆکی یانە و فابریگاسی راهێنەر منیان خۆشدەوێت و زۆر سوپاس بۆ خوای گەورە بۆ ئەوە و پێیانگوتم لە ئەورووپا بە نرخ دەبیت."
عەلی جاسم باسی هەڵبژاردەی عێراق دەکات و دەڵێت "گەیشتن بە مۆندیال بەلای منەوە گرنگترە لە یارییکردنی من لەسەر ئاستی ئەورووپا."
لەبارەی یارییکردنی لە خولی سعودیە و ئەو دەنگۆیانەی باس لە پەیوەندیکردنی بە یەکێک لە یانەکانی ئیتیحاد یان ریاز دەکەن، یاریزانە عێراقییەکە گوتی "خەونی هەمووانە لە خولی سعودی یاری بکەن و دڵخۆشم بەو گۆڵەی سعود عەبدولحەمید بە درێسی یانەی رۆماوە تۆماریکرد و ئەو لە باشترین یاریزانەکانی ئاسیایە، چونکە لە خولێکی زۆر زەحمەت یاری دەکات."
چەند رۆژێک لەمەوبەر راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان بڵاویانکردەوە، عەلی جاسم، لە گواستنەوەی زستانەدا لە یانەی کۆمۆ دەڕوات، بەڵام بەڕێوەبەری وەرزشی یانە ئیتاڵییەکە گوتی "هیچ دەستەوارەیەکمان بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ نەهاتووە و لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی کاردەکەین بۆ ئەوەی باشترین شوێن بۆ ئەو یاریزانە دەستنیشانبکەین، بەڵام دیارنییە یاریزانەکە لە گواستنەوەی زستانەدا لە یانەکە دەڕوات یان نا."