رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە تەرمی یانیس تیمای یاریزانی باسکەی لاتیڤی لە مۆسکۆ دۆزراوەتەوە، پاش چەند هەفتەیەکی کەم لە جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی کە گۆرانیبێژێکی بەناوبانگە.
میدیای رووسیا رایانگەیاندووە، تەرمی ئەو یاریزانە 32 ساڵە، لە دەروازەی یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە ناوەڕاستی مۆسکۆ دۆزراوەتەوە، بەپێی قسەی پۆلیس، ئەو یاریزانە خۆی کوشتووە.
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، تەرمەکەی تیما دۆزراوەتەوە و لە تەنیشتییەوە مۆبایلەکەی هەبووە کە لەسەر شاشەکەی نامەیەک هەبووە بۆ هاوژینەکەی پێشووی، کە ئانا سیدۆکۆڤای گۆرانیبێژی بەناوبانگە.
بەپێی ئەوەی سەرچاوەکان روونیانکردووەتەوە، مۆبایلەکەی تیما نامەیەکی پێنێردراوە بۆ هاوژینەکەی پێشووی کە داوای لێدەکات پەیوەندی پێوە بکات.
پۆلیس گوتویەتی لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی رووداوەکە دەکەن.
تاوەکو ئێستا، زانیارییەکان لەبارەی گیانلەدەستدانی ئەو یاریزانەی باسکە، بەتەواوی یەکلانەبووەتەوە. هەندێک سەرچاوە باسیان لە بەربوونەوەی لە شوقەیەکەوە کردووە، هەندێکی دیکەش ئاماژەیان بەوەداوە کە لەسەر پلیکانەکانی شوقەکەی بەربووەتەوە و ئاژانسی 'تاس'ی رووسیش دەڵێ، بەهۆی بەربوونەوەی لە شوێنێکی بەرزەوە، گیانیلەدەستداوە.
یاریزانە لاتیڤییەکە بەبەردەوامی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام هەستەکانی خۆی بڵاودەکردەوە، لەوێدا پۆست و ڤیدیۆی بڵاودەکردەوە کە تێیدا باسی ئازارەکانی دەکرد و تەنانەت باسی بیرکردنەوەکانی لە خۆکوشتنیشی دەکرد، هەروەها سێدۆکۆڤای تۆمەتبارکرد بەوەی لەبری خۆشەویستییەکەی بۆی پارەی هەڵبژاردووە.
بەهۆی گواستنەوەی بۆ یاریکردن لە رووسیا، تیما چیدی نەیدەتوانی نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی لاتیڤیا بکات، بەهۆی هەموارکردنەوەی یاسایەکی وەرزشی لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە لە مانگی نیسانی 2022 لە یاسای وەرزشدا پەسەندی کرد، کە بەپێی ئەو یاسایە هیچ وەرزشوان و کرێکارێکی وەرزشیی لاتیڤی بۆی نییە بەشداری لە خول و پێشبڕکێ وەرزشییەکان لە رووسیا و بێلاڕووس بکات و بەپێچەوانەی ئەوە قەدەخە دەکرێت لە نوێنەرایەتیکردن هەڵبژاردە نیشاتیمانییەکانی لاتڤیا.
تیما کە لە ساڵی 2014 یەکەم یاریی خۆی بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی لاتیڤیا ئەنجامدا، لەگەڵ هەڵبژاردەی لاتیڤیا لە 35 یارییدا بەشداری کردووە و 338 خاڵی تۆمارکردووە.
دوایینجار کە تیما یاری بۆ وڵاتەکەی کردبێت لە پێشبڕکێکانی پاڵاوتن بۆ یارییەکانی ئۆڵیمپیاد لە پاریس لە سەرەتای مانگی تەمموزی رابردوودا بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ