سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا.. لە سکانداڵێکەوە بۆ سکانداڵێکی دیکە

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پاش ماوەیەکی زۆر لە چاوەڕوانی و مشتومڕی بەردەوام، لە کۆتاییدا فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، رافایێل لوزانی وەک سەرۆکی نوێی فیدراسیۆنەکە دەستنیشانکرد. بەڵام لوزان یەکێکی دیکە دەبێت لە سەرۆکە مشتومڕهەڵگرەکانی فیدراسیۆنەکە لە ساڵانی رابردوودا.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، وێڕای دەستکەوتە گەورەکانی لە ماوەی رابردوودا، بەڵام وەک دامەزراوەیەکی مشتومڕهەڵگر و تۆمەتبارکراو بەسکانداڵی جیاوازی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تەماشا دەکرێت.
 
لویس رۆبیالیسی سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنەکە، دوایین سەرۆک بوو کە بەهۆی سکانداڵێکی گەورەوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
 
رۆبیالێس لە ئاهەنگی یاریی کۆتایی مۆندیالی ئافرەتاندا، ماچ و باوەشی بەژمارەیەک یاریزانی هەڵبژاردەی ئافرەتانی ئیسپانیادا کرد و بەهۆیەوە بە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر یاریزانانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی تۆمەتبارکرا.
 
ئەوەی لە نێوەندە وەرزشییەکەی ئیسپانیا جێگەی مشتومڕە، ئەوەیە کە سەرۆکی هەڵبژێردراوی فیدراسیۆنەکە، بۆی هەیە لەسەرەتای ساڵی داهاتوودا لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.
 
لوزان، لەماوەی رابردوودا رووبەڕووی تۆمەتی گەندەڵی بووەتەوە لە کاتی کارکردنی وەک سیاسییەک لە وڵات، لەسەرەتای ساڵی داهاتوودا جارێکی دیکە لەسەر هەمان ئەو تۆمەتانە دادگایی دەکرێت.
 
لوزان، پێشتر سەرۆکی ئەنجوومەنی شاری بۆنتیڤیدرا و ئەندامی پارتی گەلی هەرێمی گالیسیا بووە، تۆمەتبارکراوە بە گەندەڵیی لە دۆسێی جیاوازدا، بڕیارە لەسەرەتای ساڵی 2025 دادگا جارێکی دیکە دۆسێیەکەی هەڵبداتەوە.
 
لوزان کە ساڵی 1967 لەدایکبووە، تۆمەتبارە بەوەرگرتنی بەرتیل و ساڵی 2021 دادگا بڕیاری بەندکردنی ئەوی بۆ ماوەی دوو ساڵ دەرکرد، هەروەها بڕیاریدا بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە هەموو کارێکی گشتیی قەدەخەی بکات، بەڵام ئەو داوای تێهەڵچوونەوەی لە بڕیارەکە کرد و لە کۆتاییدا قەدەخەکەی لەسەر لابرا.
 
لوزان بەزنجیرەیەکی دیکەی ئەو سەرۆک فیدراسیۆنانەی تۆپی پێی ئیسپانیا دادەنرێت کە کۆتایی چارەنووسیان گەندەڵی بوو.
 
لوزان لە دوای پیدرۆ روکا بووە سەرۆکی فیدراسیۆنەکە، کە بەبڕیاری دادگای وەرزشی ئیسپانیا، بۆ ماوەی دوو ساڵ کاری لێ قەدەخەکرا بەهۆی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی.
 
رۆکا بەوە تۆمەتباکرا کە دەسەڵاتەکانی خراپ بەکارهێناوە، چونکە بەبڕیاری تاکلایەنە ئاندرۆ کامپسی ئەمینداری گشتیی فیدراسیۆنەکەی لە پۆستەکەی دوورخستبووەوە، پاش بەدەستهێنانی نازناوی یۆرۆ لەلایەن هەڵبژاردەی ئیسپانیاوە.
 
روکا، لە بنەمادا جێگری لویس رۆبیالیس بوو لە سەرۆکایەتیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، ئەو سەرۆکەی بەهۆی ماچەکەی نێودەمی جینی هێرمۆسۆی یاریزانی هەڵبژاردەی ئافرەتانی ئیسپانیا، لە رێوڕەسمی وەرگرتنی نازناوی مۆندیالی ئافرەتان، بۆ ماوەی 90 رۆژ راگیرا و بەگێچەڵکردنی سێکسی تۆمەتبارکرا.
 
 بەرلەو سکانداڵانە، فیدراسیۆنە ئیسپانییەکە گیرۆدەی سکانداڵێکی دیکە بوو کە ئانخیل ماریا ڤیار، پیاوە بەهێزەکەی تۆپی پێی ئیسپانیا پاڵەوانەکەی بوو.
 
ڤیار ساڵی 2017 تۆمەتبارکرا بە گەندەڵی لەماوەی 27 ساڵی سەرۆکایەتیکردنەکەی ئەو فیدراسیۆنە و دواتر دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە فیدراسیۆنە ئیسپانییەکە و یۆفا و فیفاش راگەیاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە