ڤیدیۆ؛ ئەمشەو باشترین یاریزانی جیهان دەستنیشاندەکرێت

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
زە بێست
زە بێست
نیشانەکردن زە بێست
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان باشترینەکانی وەرزی رابردوو لە تۆپی پێی جیهاندا خەڵات دەکات و براوەی زە بێست بۆ باشترین یاریزان ئاشکرا دەکات.
 
لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کاژێر 20:00 فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا)، براوەی خەڵاتەکان بۆ ساڵی 2024 رادەگەیێنێت و زۆرینەی براوەکانیش بەشێوەی ئۆنلاین ئاشکرا دەکرێن.
 
ئەنجامدانی رێوڕەسمەکە لە قەتەر، هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی یاری کۆتایی جامی ئینتەرکۆنتێنتال لەنێوان هەردوو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و پاچوکای مەکسیکی، بۆیەش زۆرن ئەوانەی پێیانوایە، براوەی ئەمجارەی خەڵاتەکە ڤینیسیۆس جونیۆر دەبێت، دوای ئەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری لە بەرژەوەندی رۆدری لەدەستدا.
 
رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکان و ئامادەکردنی براوەکان لە ئەکادیمیای ئەسپایەر بەڕێوەدەچێت و هەڵبژاردنی ئەو شوێنەش ساڵیادی 20ـەمی دامەزراندنی ئەکادیمیاکەیە، جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، ئەندامانی فیدراسیۆنەکە ئامادەی ئەو رێوڕەسمە تایبەتە دەبن.
 
وەکو هەمیشە هاندەران رۆڵێکی کاریگەرییان پێدراوە لە دەستنیشانکردنی باشترین یاریزانی جیهان و دیاریکردنی براوەکانی دیکەی خەڵاتەکە، لەگەڵ خەڵاتی زە بێست بۆ باشترین یاریزانی تۆپی پێ لەسەر ئاستی خانمان، خەڵاتی باشترین خانمە یاریزان، باشترین راهێنەر لەسەر هەردوو ئاستی پیاوان و خانمان، خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی هەردوو ئاست و چەندین خەڵاتی دیکە دابەشدەکرێن.
 
گۆڕانکارییەک بۆ ئەمساڵ لە دەستنیشانکردنی پێکهاتەی ساڵدا کراوە و ئەمجارە هاندەران لەوەشدا رۆڵیان هەیە، بۆ ئەوەی 11 باشترین یاریزان لەسەر ئاستی پیاوان و خانمان دەستنیشانبکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە