هەولێر لە جامی عێراقدا یاری دەکات و ئامادەبوونی هاندەران بێبەرامبەرە

 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی قۆناخی 32ـی جامی عێراق دەستپێدەکەن، یانەی هەولێر لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی سامەرا یاری دەکات.
 
ئەمڕۆ ئێوارە، کاژێر 17:00 لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری، یانەی هەولێر لە رکابەرییەکانی گەڕی 32ـی جامی عێراق بەرامبەر یانەی سامەڕا یاری دەکات، بەبڕیاری دەستەی کارگێڕیی یانەکە ئامادەبوونی هاندەران لە یارییەکەدا بە خۆڕایی دەبێت.
 
هەولێر لەکاتێکدا ئەم یارییە ئەنجامدەدات، لە یاریی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بە زەحمەت توانیی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و بە چوار گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ لە یانەی کارەبای بردەوە.
 
بەهۆی پەیوەندیکردنی بە هەڵبژاردەی عێراقەوە، بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ جامی کەنداو، هەڵۆ فایەق بەشداری لە یارییەکەدا ناکات و ئەگەری هەیە سەمیر بابۆ، لە یارییەکەدا چەند گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەکەیدا بکات و ئوسامە رەشیدیش دوای چەند هەفتەیەک لە دوورکەوتنەوە بەهۆی پێکانەوە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە نێو یاریگەکان.
 
هەولێر دوو وەرز لەمەوبەر پلەی دووەمی جامی عێراقی عێراقی بەدەستهێناوە و وەرزی رابردووش لە قۆناخی هەشت کرایە دەرەوە، ئەم وەرزە یانەکە دەیەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە بکات.
 
کاوە ئیبراهیم، راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەی هەولێر بە رووداوی گوت "هاوشێوەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، جامی عێراقیش بۆ ئێمە گرنگە، بەتایبەت کە بە پێنج یاری دەگەیتە یاری کۆتایی و بردنەوەی نازناوەکە هەلێکە بۆ یارییکردن لە پاڵەوانێتییەکی دەرەوەی عێراقدا، بۆیە بەلای ئێمەوە پاڵەوانێتییەکە گرنگە."