رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیارانی پڕۆژەی سوپەرلیگ سوورن لەسەر ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکە و کۆمپانیای ئەی 22، کە خاوەنی بەڕێوەبردنی خولەکەیە، رایگەیاندووە ناوی پاڵەوانێتییەکە دەگۆڕن و داوایان لە یۆفا و فیفا کردووە، بەفەرمی دانبەپاڵەوانێتییەکەدا بنێن.
پڕۆژەی 'سوپەرلیگ' کە پڕۆژەی پاڵەوانێتییەکی نوێی تۆپی پێیە لەسەرئاستی ئەورووپا و فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید پاڵپشتیکاری سەرەکییەتی، پێشتر لەلایەن یۆفا و فیفاوە بەتووندی رەتکرایەوە و ئەو یانانەی بەڵێنی بەشدارییان تێدا دابوو، بەهۆکاری جیاواز پاشگەزکرانەوە، بەڵام سەرپەرشتیارانی پاڵەوانێتییەکە، جارێکی دیکە سووربوونی خۆیان لەسەر جێبەجێکردنی خولەکە، دووپاتکردەوە.
کۆمپانیای ئەی 22 کۆمەڵێک وردەکاریی سەبارەت بە پڕۆژەی سوپەرلیگ راگەیاند کە گۆڕانکاریی ریشەیی تێدا بەدی دەکرێت بە بەراورد لەگەڵ ئەو سیستەمەی لە ساڵی 2021 خرایەڕوو.
کۆمپانیاکە دەڵێ، ناوی پاڵەوانێتییەکە لە سوپەرلیگەوە دەگۆڕێت 'خولی یەکخراو' و سیستمێکی نوێی بەڕێوەبردنیان بۆ داڕشتووە.
بەپێی سیستمە نوێیەکە 96 یانە لە پاڵەوانێتییەکەدا بەشدار دەبن. یانەکان بەسەر چوار ئاستی جیاوازدا دابەشدەبن و هەر ئاستێکیش خولێکی تایبەت بە خۆی دەبێت.
بەپێی ئەوەی کۆمپانیاکە روونیکردووەتەوە، ئاستی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە ناوی خولی ئەستێرەکان دەبێت، ئاستی دووەم خولی زێڕین، ئاستی سێیەم، خولی شین و ئاستی چوارەم خولی یەکێتی دەبێت.
تەنیا یانەکانی خولی ئەستێرەکان و خولی زێڕین دەتوانن بۆ قۆناخەکانی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە سەربکەون. هەر یەکێک لەو خولانە لە 16 یانە پێکدێن، ئەو خولانەش دابەشدەبن بەسەر دوو کۆمەڵەی جیاواز و هەر کۆمەڵەیەکیان لە 8 یانە پێکدێت.
وەک روونکراوەتەوە، یانە بەشدارەکانی هەردوو خولی ئەستێرەکان و زێڕین لە قۆناخی کۆمەڵەکان، بەشێوەی چوون و هاتن رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە. هەر یانەیەک لەو قۆناخەدا 14 یاری ئەنجامدەدات، یەکەم و دووەمی یەکەمی هەر کۆمەڵەیەک دەگەنە قۆناخی داهاتوو.
بەو شێوەیە لە خولی ئەستێرەکانەوە تەنیا چوار یانە و لە خولی زێڕینەوە تەنیا چوار یانە دەگەنە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.
لە قۆناخی هەشت یان چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا، یانەکان بەشێوەی چوون و هاتن جارێکی دیکە رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بەڵام قۆناخی پێشکۆتایی، هاوشێوەی یاریی کۆتایی، تەنیا یەک یاری دەبێت لە یاریگەیەکی بێلایەن ئەنجام دەدرێت.
هەرچی یانەکانی هەردوو خولی 'شین و یەکێتی'یە، کە ژمارەیان 32 یانەیە لە هەر خولێکدا، بەشێوازی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ پاڵەوانێتییەکە دەستپێدەکەن، واتە هەردوو یانەی خولی شین و یەکێتی، لە نێوان خۆیاندا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و براوەکان دەگەنە قۆناخی داهاتوو و بەو شێوەیە پاڵەوانێتییەکە تاوەکو مانەوەی دوو تیپ بۆ یاریی کۆتایی، بەردەوام دەبێت.
سەرپەرشتیارانی خولەکە ئەوەشیان ئاشکراکردووە، کە گواستنەوەی یارییەکانی پاڵەوانیەتییەکە بەخۆڕایی و لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکی هاوشێوەی نێتفلێکسەوە دەبێت. ئەو بەشداربووانەی بەخۆڕایی سەیری یارییەکان دەکەن، رێکلامیان بۆ دەڕوات، بەڵام ئەگەر بیانەوێت ئەو رێکلامانە لاببەن پێویستە بڕێک پارەی مانگانە بدەن.
بەڕێوبەرانی خولی یەکخراو بە شێوەیەکی فەرمی داوایان لە یۆفا و فیفا کردووە دانبە پاڵەوانێتییەکە بنێن، ئەوان باوەڕیان وایە بەپێی بڕیاری دادگەی ئەورووپا، فیفا و یۆفا پەیوەستن بەوەی بە شێوەیەکی فەرمی دان بە پاڵەوانێتییەکەدا بنێن.
پڕۆژەی سوپەرلیگ لە ساڵی 2021 لەلایەن سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، فلۆرینتینۆ پێرێزەوە راگەیەندرا، لەگەڵ راگەیاندنی پڕۆژەکە، یۆفا و فیفا و بەشێک لە یانەکان بە شێوەیەکی روون دژایەتی خۆیان بۆ پڕۆژەکە خستەڕوو و هەڕەشەی دوورخستنەوەیان لە یانە بەشداربووەکان کرد.
بەڵام بەڕێوبەرانی سوپەرلیگ، کەیسەکەیان بردە دادگە و سکاڵایان دژی یۆفا و فیفا تۆمارکرد، دادگەی مەدرید بڕیارێکی لە بەرژەوەندی سوپەرلیگدا و رایگەیاند، هیچ رێگڕییەک نابێت دروستبکرێت بۆ بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ