رووداو دیجیتاڵ
رۆناڵدۆ نازاریۆ دێلیما، ئەستێرە و گۆڵکاری پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل، بەشێوەیەکی فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەی بەربژێر دەکات."
رۆناڵدۆ بڕیارییداوە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیلدا خۆی بەربژێر بکات و دەڵێت "دەمەوێت رێز بۆ تۆپی پێی بەرازیل بگەڕێنمەوە."
دێلیما لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی یانەی ڤایادۆلیدی ئیسپانی بفرۆشێت، کە خۆی خاوەنداریەتیی دەکات و گەشت دەکات بۆ هەموو بەرازیل بۆ ئەوەی پاڵپشتی خەڵکەکەی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەدەستبهێنێت، کە بڕیارە لە نێوان ئاداری 2025 بۆ ئاداری 2026 پرۆسەکەی دەستپێبکات.
دیاردەی تۆپی پێی بەرازیل دەڵێت "سەتان پاڵنەری هەیە بۆ خۆ بەربژێرکردن، گەورەترینیان گەڕاندنەوەی تۆپی پێی بەرازیلە بۆ ئاستێکی بەرز و جیهانی، ئەوەی زۆرترینجار لەسەر شەقامەکان رووبەڕووم دەبێتەوە ئەوەیە خەڵک داوام لێدەکەن بگەڕێمەوە بۆ یاریکردن، چونکە دۆخی سیلیساو زۆر خراپە و ئێستا باشترین نییە، جا لە یاریگەدا بێت یان لە دەرەوەی یاریگە."
بۆ ئەوەی رۆناڵدۆ ببێتە بەربژێرێکی بەهێز پێویستی بە پاڵپشتی چوار یەکێتی ویلایەتی و چوار یانە دەبێت، بۆیەش دێلیما بڕیارییداوە بەهەموو بەرازیلدا بگەڕێت.
رۆناڵدۆ دەڵێت "جگە لە ئارەزووی کارکردن لە کارگێڕیدا خۆم وەکو کەسایەتییەک دەبینم بۆ ئەوەی دووبارە تۆپی پێی بەرازیل بونیاد بنێینەوە و بگەڕێینەوە سەر رێگەی راست."
پێشتر راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان رایگەیاندبوو، رۆناڵدۆ دەیەوێت ببێتە سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل و پێپ گواردیۆلا بکاتە، راهێنەری هەڵبژاردەکە بۆ ئەوەی سەر لە نوێ هەڵبژاردەیەکی بەهێز بۆ وڵاتەکەی دروستبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ