لە کۆتاییدا ئاشکرابوو... هۆکاری خراپی ئاستی مانچێستەر یونایتد

رووداو دیجیتاڵ
 
ئامارێك هۆکاری خراپی ئاستی هێرشبەرانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی ئاشکرادەکات و پێشانی دەدات کە نابێت کێشەی گۆڵکردنی یانەکە بەتەنیا بخرێتە ئەستۆی ئەوان. 
 
هاوینی ئەمساڵ یانەی مانچێستەر یونایتد بە بڕی 75 ملیۆن یۆرۆ راسمۆس هۆیلاند، یاریزانی دانیمارکی و ئەستێرەی یانەی مانچێستەر یونایتدی گواستەوە ریزەکانی بەمەبەستی شوێنگرتنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و سەرکردایەتی کردنی هێڵی پێشەوەی یانەکە، بەڵام یاریزانە دانیمارکییەکە نەیتوانیوە ئەو ئاستە پێشکێش بکات کە لێی چاوەڕوان دەکرا و تاوەکو ئێستا لە پرێمەرلیگدا هیچ گۆڵێکی تۆمارنەکردووە.
 
مانچێستەر یونایتد بە دۆخێکی کارەساتباردا تێدەپەڕێت، یانەکە لەم وەرزەدا لەو 22 یارییەی ئەنجامی داوە 11 یاریی بە شکست کۆتایی پێهێناوە و لە پرێمەرلیگیشدا تەنیا 18 گۆڵی تۆمارکردووە و خاوەنی شەشەم خراپترین هێڵی هێرشبەرییە لە خولەکەدا. 
 
ئامارە خراپەکانی مانچێستەر یونایتد وایکردووە هێڵی هێرشبەری یانەکە بە گشتی و راسمۆس هۆیلاند بەتایبەتی بکەونە بەر رەخنەی میدیاکان و بەشێکی زۆر لە هاندەرانی تۆپی پێ گواستنەوەی یاریزانە دانیمارکییەکە بە یەکێك لە گرێبەستە شکستخواردوەکانی مێژووی مانچێستەر یونایتدی دادەنێن، بەڵام ماڵپەڕی ئۆپتا ئامارێك بڵاودەکاتەوە و پێشانی دەدات کە کێشەکانی گۆڵکردنی یانە ئینگلیزییەکە تەنیا لە ئەستۆی هێرشبەرەکان نییە و هێڵەکانی پشتەوەش هۆکاری بەشێك لە کێشەکانن.
 
ئامارەکەی ئۆپتا لیستی ئەو هێرشبەرانەیە کە لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا زۆرترین پاسیان لەلایەن هاوتیپەکانیانەوە پێگەشتووە، هیونگ مین سۆن، یاریزانی کۆری و هێرشبەری یانەی تۆتێنهام بە وەرگرتنی نزیکەی 400 پاس پلەی یەکەمی لیستەکەی گرتووە، دوای ئەویش هەریەکە لە ماتیۆس کونیای یاریزانی ۆڵڤەرهامپتن و زێکی ئامدونیی یاریزانی بێرنلی لە پلەکانی دووەم و سێیەم دێن، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە راسمۆس هۆیلاند لە دوایین پلەی ریزبەندی لیستەکە دێت و لەو 12 یارییەی لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا ئەنجامیداوە کەمتر لە 150 پاسی لەلایەن هاوتیپەکانییەوە پێگەشتووە.
 
ئەوەی زیاتر جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە جگە لە هۆیلاند، تاکە هێرشبەر کە لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا کەمتر لە 150 پاسی پێگەیشتبێت، ئانتۆنی مارسیالی هاوتیپی هۆیلاندە، کە ئەویش دۆخی لە یاریزانە دانیمارکییەکە باشتر نییە و لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا تەنیا گۆڵێکی تۆمارکردووە.
 
مانچێستەر یونایتد لەم وەرزەدا دۆخی خراپە و هەر لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا لە چامپیۆنزلیگ کرایە دەرەوە و لەم وەرزەی پرێمەرلیگیشدا بە 27 خاڵ لە پلەی حەوتەم دێت، ئەمە جگە لەوەی کە لە قۆناخی 16ـی جامی کاراباو کەپیش بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بە نیوکاسڵ یونایتد دۆڕا و ماڵئاوایی لە جامەکە کرد.