ڤیدیۆ؛ ریال مەدرید چاوی لە وەرگرتنەوەی پێشەنگی لالیگایە

رووداو دیجیتاڵ 

لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ کە دوا قۆناخەکانی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردن بەخۆوە دەبینێت تاوەکو ببێتە یەکێک لە ناوازەترین و سەرنجڕاکێشترین یاریگەکانی تۆپی پێ لە جیهاندا، هەفتەی حەڤدەی لالیگا، ئاڵنگارییەکی نوێ بۆ ریال مەدرید دەهێنێتە نێو ئەو یاریگەیەوە کاتێک ڤیاریال دەبێتە میوانی ریال مەدرید.
 
ریال مەدرید لە ململانێیەکی توونددایە لەگەڵ ئەسپی رەشی لەناکاو هەڵتۆقیوی خولەکە کە جیرۆنایە و ریال مەدرید چاوی لەوەیە لانیکەم بۆ بیست و چوار کاژێر پێشەنگی خولەکەی لێوەربگرێتەوە، چونکە جیرۆنا لەم گەڕەدا رۆژی دووشەممە یارییدەکات.
 
لە مەدرید دۆخەکە تاڕادەیەکی باش ئارامە، تیپەکە لە ریتمی کورسیی گۆڕینەوەی هەفتانە لەگەڵ جیرۆنا لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەدا بەردەوامە، لە چامپیۆنزلیگ بەپێشەنگ سەرکەوتووە و سەرجەم یارییەکانی خۆی بردووەتەوە، ئەوەی گرنگە لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا، ریتمی خۆی ون نەکات، لەوەش گرنگتر خۆپاراستنە لە خاڵ لەدەستدان لە دووەم گەڕی لەسەریەکدا، پاشئەوەی گەڕی پێشوو بەتەنیا خاڵێکەوە لە بینتۆ ڤیامارین  بەرامبەر ریال بێتیس گەڕایەوە.
 
ریال مەدرید لە کاتێکدا رووبەڕووبوونەوەکەی ڤیاریال ئەنجامدەدات کە مانشێتەکانی پەیوەست بەیانەکە لە میدیاکان، لە چواردەوری تەنیا دوو چیرۆک دەسووڕێنەوە، چیرۆکێک تایبەت بە پێکانی زۆری یاریزانەکانی و چیرۆکێکیش تایبەت بە چارەنووسی راهێنەرەکەی.
 
لە چیرۆکی پێکانی یاریزاناندا، ناوبهێنە و مەوەستە، تیپەکە لە هەموو هێڵەکانیدا یاریزانی بەرچاوی لەدەستداون، بەڵام رووداوی نوێ لەوبارەیەوە گەڕانەوەی ئاردا گولەرە بۆ مەشقدان و دەرکەوتنەوەی لە مەشقە تاکانەکانی یانەکە، لەگەڵ هەریەکە لە کاماڤینگا و چوامینی کە ئەوانیش پێدەچێ لە دوا قۆناخەکانی چاکبوونەوەدا بن، بەڵام بەدڵنیاییەوە بۆ یارییەکەی ڤیاریال لەبری یاریزان، تەماشاکەر دەبن.
 
لە چیرۆکی چارەنووسی راهێنەرەکەی ریال مەدریدا، سەرچاوەکان باس لە کۆبوونەوەیەک دەکەن لە رۆژانی داهاتوودا بۆ بڕیاردان لە مانەوە یان رۆیشتنی کارلۆ ئەنچیلۆتی لە مەشقدانی یانەکە، بەڵام لێتێگەیشتن و ئارامیی ژووری جلگۆڕینی یانەکە و چارەنووسی میستەریش، لە کۆتاییدا پەیوەست دەبێت بەوەی ریال مەدرید لە کۆتایی وەرزدا کام نازناو دەباتەوە.
 
ئەم دۆخە بۆ ریال مەدرید، دڵەڕاوەکەی دروستنەکردووە، بەڵام تیپەکە و راهێنەرەکەی پێویستیان بەوە هەیە خۆیان لە هەر بیرۆکەپەرتبوونێک لە یارییەکەی ڤیاریالدا بپارێزن، تاوەکو هەنگاونان بەرەو کۆتایی وەرزێکی دڵخواز و دەستکەوت تێدا بەدیهاتوو، بۆ هاندەرانی مێرەنگێ، تاوەکو کۆتایی بەردەوام بێت.