ڤیدیۆ؛ شەمشەمەکوێرەکان برینی بارسێلۆنایان قوڵترکرد

رووداو دیجیتاڵ 

 

بارسێلۆنا بەسەرکردایەتی چاڤی هیرناندێز بەردەوامە لە لەدەستدانی خاڵەکان و دوورکەوتنەوە لە هەردوو رکابەرەکەی، جیرۆنا و ریال مەدرید، ئەگەرچی سەرەڕای ئەم یەکسانبوونە چووە پلەی سێیەمی ریزبەندیی لالیگا.
 
بارسێلۆنا لە گەڕی 17ـی لالیگادا، لەسەر یاریگەی مێستایا بووە میوانی ڤالێنسیا و بە ئەنجامی 1-1 لەگەڵیدا یەکسانبوو، و یانە کەتەلۆنییەکە دوو خاڵی دیکەی لەدەستدا.
 
نیوەی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، کە تا راددەیەک ئاستی تیپی خاوەن ماڵ لە بارسێلۆنا باشتربوو.
 
لە نیوەی دووەمدا، دوای تێپەڕبوونی 10 خولەک، جواو فیلیکس توانی گۆڵی پێشکەوتن بۆ بارسێلۆنا تۆماربکات.
 
یاریزانانی چاڤی هێرناندێز نەیانتوانی زیاتر لە 15 خولەک پارێزگاری لە پێشکەوتنیان بکەن، کاتێک لە خولەکی 70ـدا هوگۆ گیلامون تۆڕی تیپی میوان هەژاند و گۆڵی یەکسانبوونی بۆ شەمشەمەکوێرەکان تۆمارکرد.
 
هەردوو تیپ هەوڵی گۆڵی دووەم و سێ خاڵەکەیان دا، بەڵام هیچ کامیان سەرکەوتوو نەبوون و یارییەکە بە یەکسانبوون کۆتاییهات و خاڵەکانیان لەنێوان خۆیاندا بە یەکسانی بەشکرد.
 
بارسێلۆنا سەرەڕای لەدەستدانی دوو خاڵی گرنگ لەم یارییەدا، چووە پلەی سێیەمی ریزبەندیی لالیگا و سوودی لە دۆڕانی ئاتلێتیکۆ مەدرید بە ئاتلێتیک بیلباو وەرگرت، کە بەهۆیەوە یانەکەی پایتەخت گەڕایەوە پلەی چوارەمی ریزبەندیی. لە کاتێکدا ڤالێنسیا بووە خاوەنی 20 خاڵ و پلەی دەیەمی ریزبەندییەکەی گرتووە.
 
بارسێلۆنا لە 3 یاریی رابردوودا هیچ سەرکەوتنێکی بەدەستنەهێناوە، دوو دۆڕان بە جیرۆنا و رۆیال ئانتوێرپ، لەگەڵ ڤالێنسیاش یەکسانبوو.