هەموو شتێک لەبارەی خەڵاتەکانی زە بێست

17-12-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن زە بێست
A+ A-

رووداو دیجیتال

ئەمشەو سەرنجی سەرجەم هۆگر و هەوادارانی تۆپی پێ لە سەرانسەری جیهاندا دەچێتە سەر ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی زە بێست، کە ساڵانە یەکێتیی تۆپی پێی جیهان ئەنجامی دەدات بۆ دەستنیشانکردنی باشترینەکانی ساڵ.

ئەمشەو کاژێر 21:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە بارەگای فیفا لە شاری نیۆنی سویسری ئاهەنگەکە دەستپێدەکات، کە بۆ ئەمساڵ بە سیستم و ستایلێکی جیاواز ئەنجامدەدرێت، بەهۆی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.  

ئاهەنگەکە بە ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت و میوانی نابێت، بەهەمانشێوەی رێوڕەسمی تیروپشکی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، کە بەر لە چەند رۆژێک بەڕێوەچوو.

دوایین یاریزان خەڵاتەکەی بردبێتەوە، لیۆنێل مێسی ئەستێری ئەرجەنتینی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانییە، کە لە ساڵی 2019 بەدەستیهێنا.

گەڕانەوەی خەڵاتەکە

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، فیفا بڕیاریدا خەڵاتەکانی ئەمساڵی زە بێست هەڵبوەشێنرێتەوە، بەڵام دواتر فیفا پێداچوونەوەی بە بڕیارەکەیدا کرد و دواجار بڕیاریدا خەڵاتەکە بگەڕێتەوە.

پێشتر زۆر لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە بەرپرسانی فیفا لە ژێر کاریگەری گوشاری چەند لایەن و کەسیەتییەکدا پاشگەزبوونەتەوە و بڕیاریانداوە جارێکی دیکە خەڵاتەکە بگەڕێننەوە، بەتایبەتیش بەرپرسانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی کە پێیانوایە راهێنەر و یاریزانەکانی شایەنی زۆرترین خەڵاتەکانی ئەمساڵی فیفان، بەتایبەتیش رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی، کە نزیکترین و بەهێزترین بەربژێرە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە.

بەربژێرەکان

وەک هەموو ساڵ فیفا ئەمساڵیش چەند خەڵاتێک دەبەخشێت، کە گرنگترینیان خەڵاتی باشترین یاریزانی پیاوە، هەروەها خەڵاتی باشترین راهێنەر. 

باشترین یاریزان

1 - رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی، یاریزانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی
2 - لیۆنێل مێسی، یاریزانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی
3 - کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یاریزانی یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی

باشترین راهێنەر

1 - مارسیلۆ بێلسا، راهێنەری یانەی لیدز یونایتدی ئینگلیزی
2 - یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی
3 - هانز فلیک، راهێنەری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی

باشترین گۆڵپارێز

1 - ئەلیسۆن بیکەر، گۆڵپارێزی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی
2 - یان ئۆبلاک، گۆڵپارێزی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی
3 - مانوێل نۆیەر، گۆڵپارێزی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی

هەروەها باشترین یاریزان و راهێنەری خانمانیش دەستنیشاندەکرێت و جوانترین گۆڵی ساڵیش دیاری دەکرێت.

باشترین چۆن دیاریدەکرێت؟

فیفا لەسەر بنەمای ئەو دەستکەوت و ئامارانە بەبژێرەکانی دیاریدەکات، کە لە ماوەی نێوان 8ـی مانگی 7ـی 2019 تاوەکو 7ـی 10ـی 2020 بەدەستیانهێناون.

هەڵبژاردنی باشترینەکانیش لە رێگەی دەنگدانەوە دەبێت، کە بە 4 شێواز دەنگ دەدرێت. 

راهێنەرانی هەڵبژاردەی وڵاتان 25٪ـی دەنگەکان دەدەن. کاپتنەکانی  هەڵبژاردەی وڵاتانیش 25٪ـی دەنگەکان دەدەن و رۆژنامەنووسانیش 25٪ـی دەنگەکان دەدەن، هەروەها 25٪ـی دەنگەکانیش لە لایەن جەماوەرەوە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە دەدرێت.

لە هەر یەکێک لەم پرۆسانەی دەنگداندا، هەر کەسێک مافی دەنگدان بە 3 بەربژێری هەیە، کە دەنگی یەکەم 5 خاڵی لەسەرە و دەنگی دووەم یەکسانە بە 3 خاڵ و سێیەم دەنگیش تەنیا خاڵێکی لەسەرە، لە کۆتاییدا هەموو دەنگەکان کۆدەکەنەوە و خاوەنی زۆرترین خاڵ بە باشترین دەستنیشان دەکرێت.

براوەکانی خەڵاتەکە

تەنیا 3 یاریزان خەڵاتی زە بێستیان بردووەتەوە، بەو ناوە نوێیەوە، واتە دوای ئەوەی خەڵاتی باشترینی فیفا لەگەڵ فرانس فۆتبول جیابووەوە، لە ساڵی 2016 فیفا خەڵاتی زە بێستی گەڕاندەوە، کە لەو کاتەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ دووجار بەدەستیهێناوە، لە ساڵانی 2016 و 2017، ئینجا لوکا مۆدریچی یاریزانی کرواتی لە ساڵی 2018 خەڵاتەکەی بەدەستهێناوە و لیۆنێل مێسیش بووە خاوەنی زە بێستی 2019.

کێ دەیباتەوە؟

کەس نازانێت کێ خەڵاتەکە دەباتەوە، چونکە براوەکە لە رێگەی دەنگدانەوە دەستنیشان دەکرێت، بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی نزیکترینیانە، تەنانەت بەپێی هەندێک زانیاری دزەپێکراو، رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی خەڵاتی زەبێستی بەدەستهێناوە، رۆناڵدۆ دووەمە و مێسی سێیەم.

ئەو زانیارییانە، باس لەوە دەکەن کە رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی بە جیاوازییەکی زۆر لەگەڵ هەردوو رکابەرەکەی، خەڵاتەکەی بەدەستهێناوە. 

بەپێی ئەو زانیارییانە رێژەی دەنگەکانی هەرسێ بەربژێری سەرەکی بەمشێوەیە بووە:

1 - رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی 58.5%ـی دەنگەکان
 
2 - كريستيانۆ رۆناڵدۆ 37.8%ـی دەنگەکان 
 
3 - لیۆنێل مێسی 3.6%ـی دەنگەکان.

بردنەوەی خەڵاتەکە لەلایەن لیڤاندۆڤێسکییەوە پێشبینی بۆ کراوە، بەو پێیەی کاروانی ئەمساڵی زۆر باشتر بووە لە کاروانی مێسی و رۆناڵدۆ، لەسەر ئاستی تاک و بە کۆمەڵیش.

لە وەرزی رابردوودا، رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکەیدا نازناوی جام و خولی وڵاتەکەی و چامپیۆنزلیگ بەدەستهێناوە لەگەڵ جامی سۆپەری ئەوروپا، هەروەها نازناوی گۆڵکاری بوندێسلیگا و چامپیۆنزلیگیشی بردووەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە