ڤیدیۆ؛ فلامینگۆ لە فایناڵدا چاوەڕێی لیڤەرپوولە و سەددیش شەرمەزارکرا

رووداو-هەولێر

یانەی فلامینگۆی بەرازیلی گەیشتنی بە فایناڵی مۆندیالی یانەکان یەکلاکردەوە، دوای ئەوەی شکستی بە یانەی هیلالی سعودی هێنا.

فلامینگۆ و هیلال کە یەکەمجاریانە لە جامی جیهانیی یانەکان بەشداری دەکەن، لە یاریگەی خەلیفەی نێودەوڵەتی بەیەکگەیشتن و یارییەکەش بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە سوودی رەش و سوورەکانی بەرازیل کۆتاییهات.

هەرچەندە لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا یانەی هیلالی سعودی بە گۆڵێکی سالم ئەلدۆسەری پێشکەوتن، بەڵام لە نیوەی دووەمدا یانەی فلامینگۆ گەڕانەوەیەکی گەورەیانکرد و سێ گۆڵیان لە رێگەی ئاراسکایتا، هێنریکی و ئەلبلەیهیی بەرگریکەری یانەی هیلال بەهەڵە لەخۆیان تۆمارکرد، هەر لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا ئاندرێ کارییۆی یاریزانی هیلال بە کارتی سوور کرایەدەرەوە.

یانەی فلامینگۆ چاوەڕێی براوەی یاری نێوان لیڤەرپوولی ئینگلیزی مۆنتێریی مەکسیکییە کە ئەمشەو لایەنی دووەمی یاریی کۆتایی دەردەکەوێ.

لە یارییەکی دیکەی جامی جیهانیی یانەکان، یانەی تەرەجیی توونسی گۆڵبارانی یانەی سەددی قەتەری کرد و شەش گۆڵی لێکرد.

یارییەکە بۆ دیاریکردنی پلەکانی پێنجەم و شەشەم بوو، یانەی تەرەجیی توونسی توانی یەکەم بردنەوە لە مێژوویدا لە مۆندیالی یانەکان تۆماربکات و شەش بە دوو لە سەددی بردەوە.

لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا پێنچ گۆڵ تۆمارکران، چواریان بۆ تەرەجی و یەکێكیشیان بۆ سەدد، بەڵام لەدوای دوو گۆڵیی سەرەتای تەرەجی کە لە خولەکەکانی ٦ و ١٣ـدا لەلایەن حەمدۆ ئەلهۆنی و ئەنیس ئەلبەدرییەوەتۆمارکران، حەسەن عەبدولکەریم لە یانەی سەدد لە خولەکی ٢٤ بە کارتی سوور دەرکرا، دواتر ئەنیس بەدری گۆڵی سێیەمی یانەی تەرجی بە لێدانی سزا هێنا، ئینجا لێدانێکی سزا بۆ سەدد هەژمارکرا و بەغداد بونەجاح گۆڵیکرد، حەمدۆ ئەلهۆنیش گۆڵی چوارەمی بۆ تەرەجی لەم گێمەدا تۆمارکرد.

لە نیوەی دووەمیشدا حەسەن ئەلهەیدووس بە لێدانی سزا جیاوازییەکەی بۆ سەدد کەمکردەوە، بەڵام حەمدۆ ئەلهۆنی هاتریکی کرد و سامح دربالی گۆڵەکانی پێنجەم و شەشەمی تەرجییان تۆمارکرد.

یانەی تەرەجی توونسی بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بووە خاوەنی پلەی پێنجەمی جامی جیهانیی یانەکان و سەددیش پلەی شەشەمی بەرکەوت.

 

گۆڵەکانی یاری سەدد و تەرەجی