رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی، ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی، داوای لە کارگێڕیی یانەکەی کردووە گرێبەست لەگەڵ محەممەد سەڵاحی یاریزانی میسری، ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی بکات، کە پێدەچێت لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ریزەکانی یانەکەی جێبهێڵێت.
سەڵاح بەردەوامە لە سەلماندنی ئەوەی کە یەکێکە لە باشترین هێرشبەرەکانی جیهان، بەو پێیەی لەم وەرزەدا لە یەکەم 11 یاریی خولی ئینگلیزیدا 8 گۆڵی تۆمارکردووە و 6 ئەسیستیشی هەیە.
ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هێشتا لە لوتکەی ئاستەکانیدایە و بەپێی زانیارییەکان پێدەچێت کاتەکەی لە ئانفێڵد نزیکببێتەوە لە کۆتایی، و لەوانەیە سەرکێشییەکی نوێ لە سعودیە وێستگەی داهاتووی کاروانی وەرزشیی ئەوبێت، بەتایبەتی ئەگەر لەلایەن ئەستێرەیەکی بەقەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە پشتگیری بکرێت.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، رۆناڵدۆ تەنیا سەرنجی لەسەر تۆمارکردنی گۆڵ نییە لەگەڵ یانەی نەسڕ، بەڵکو هەوڵدەدات جێپەنجەی خۆی وەک پێشەنگێک لەنێو یاریگا و دەرەوەی یاریگادا بەجێبهێڵێت، هەروەها درک بەوە دەکات کە بەرزکردنەوەی ئاستی خولی سعودیە پێویستی بە راکێشانی ئەستێرەکانی پلەیەک هەیە، بۆیە داوای لە یانەکەی کردووە هەموو هەوڵێک بدات بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ محەممەد سەڵاح.
ئەو سەرچاوانە باس لەوەش دەکەن کە ئەگەری هەیە گرێبەستەکەی نەسڕ لەگەڵ سەڵاح خاڵی وەرچەرخان بێت، بەو پێیەی ئەو یاریزانە تەنیا لە کوالێتی تۆپی پێی سعودیە بەرز ناکاتەوە، بەڵکو کاریگەرییەکی گەورەی میدیایی و بازرگانیشی دەبێت، بەتایبەتی لە جیهانی عەرەبیدا، بەو پێیەی زۆر کەس بە سمبولێکی نیشتمانی دەزانن.
ئەو سەرچاوانە دان بەوەدا دەنێن کە دانوستاندنەکان بۆ گواستنەوەی سەڵاح ئاسان نابن، هەرچەندە گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول لە ساڵی 2025 کۆتایی دێت، بەڵام پێناچێت لیڤەرپوول ئامادەبێت رێگەی پێبدات بڕوات بەبێ ئەوەی دەستەوارەیەکی لە 100 ملیۆن یۆرۆ زیاتری پێشکەش نەکرێت، ئەگەر بیانەوێت لە مانگی یەکدا بیگوازنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە هێزی ئابووری نەسڕ، و خواستی یاریزانەکە بۆ گەڕان بەدوای ئاڵنگارییەکی نوێدا، کلیلی تەواوکردنی گرێبەستەکە بن.
وەک ئەوەی میدیای ئیسپانیا باسی دەکەت، رۆناڵدۆ وەک باڵیۆزێکی نافەرمی بۆ پڕۆژەی سعودیە مامەڵە دەکات، بەو پێیەی یاریزانە سوپەرستارەکان رازی دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندی بە خولی رۆشنوە بکەن، هەروەها بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکانی یانەکە، ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییە بەشێوەیەکی کەسی لەگەڵ سەڵاح قسەی کردووە بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ پەیوەندی بە یانەی نەسڕەوە بکات.
هەندێک لە سەرچاوەکانی دیکەی رۆژنامەڤانیش، دەڵێن "بڕیارەکەی سەڵاح ئاسان نابێت، بەو پێیەی ئاستەکەی هێشتا لە بەرزترین ئاستدایە، بەدڵنیاییەوە دەستەوارەی زۆر بۆ بەردەوامبوون لە یاریکردن لە ئەورووپا وەردەگرێت، بەڵام لەوانەیە پارەی زۆر و ئاڵنگاریی سەرکردایەتیکردنی پڕۆژەیەکی گەورە لە سعودیە فاکتەری یەکلاکەرەوە بن لە بڕیارەکەیدا.
لەگەڵ لیڤەرپوول، یاریزانە میسرییەکە هەموو شتێکی بردووەتەوە، بەتایبەتیش چامپیۆنزلیگ و پرێمەرلیگ، حەزی بۆ گۆڕینی کەشەکەش دەکرێت دەرفەتێک بێت بۆ دەستپێکردنی کاروانێکی نوێی وەرزشی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ