هاری کەین: یاریزانەکانی ئینگلتەرا، تۆماس توخێلیان خۆشناوێت
رووداو دیجیتاڵ
هاری کەین، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، هۆشداری داوەتە یاریزانانی هەڵبژاردەکەی لە دەستبەکاربوونی تۆماس توخێل، بەڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و دەڵێ، دڵنیام هەموو یاریزانان ئەویان خۆشناوێت.
بڕیارە تۆماس توخێل، لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا مەشقدانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لەئەستۆ بگرێت، لەشوێنی لی کارسلی راهێنەری کاتیی هەڵبژاردەکە، کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە.
کەین پێشتر لەگەڵ توخێلدا لە بایرن میونشن لە وەرزی رابردوودا کاریکردووە.
هەرچەندە کەین و توخێل پەیوەندییەکی نایابیان پێکەوە هەبوو لە یانە باڤارییەکە، بەڵام ئەوە نەبووە رێگر لەوەی کەین هۆشداری لەبارەی هەڵسوکەوتەکانی راهێنەری داهاتووی ئینگلتەرا بەیاریزانەکانی هەڵبژاردەکە بدات.
کەین لەو وەرزەدا کە لە ژێر سەرپەرشتی توخێل لە بایرن میونشن بوو، پێڵاوی ئاڵتوونی وەک باشترین گۆڵکەری پێنج خولە گەورەکەی ئەورووپا بەدەستهێنا.
هاری کەین، لە لێدوانی بۆ رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی بەریتانی دەڵێ، "توخێل زۆر بەپرەنسیپە لە هەر شتێکدا کە بیەوێت، شەرم لە رووبەڕووبوونەوەی هیچ کەسێک ناکات".
هەروەها دەڵێ، "شێوازی قسەکردنی ئەو، زۆر راشکاوانەیە، هەندێک یاریزانی بایرن میونشن ئەو راشکاوی و قسە لەڕووییەی ئەویان بەدڵ نەبوو".
کەین هەروەها دەڵێ، "هەر راهێنەرێک شێوازی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ قسەکردن لەگەڵ یاریزانان و رەخنەلێگرتنیان و هاندانیان، لەبەرئەوە هەموو یاریزانێکی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، بەهاتنی توخێل دڵخۆش نابێت".
هێرشبەرەکەی پێشووی تۆتێنهام هۆتسپێری ئینگلیزی زیاتر دەڵێ، "لەوانەیە لە مانگی سێی داهاتوو کاتێک یەکەم یاریی پێکەوە دەکەین، هەندێک یاریزان هەبن کە لەبۆچووندا لەگەڵ توخێل جیاوازبن. لە هەر تیپێکدا یاریزانان بۆچوونی خۆیان هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە لە کۆتاییدا، ئەوەیە ئەو چۆن هانمان دەدات و من بەتاسەم بۆ کارکردن لەگەڵی".
کەین دەڵێ، توخێل حەزی بەکوالیتیی یاریزانانی ئینگلیزە، ئاماژەی بەوەداوە کە "یاریزانانی هەڵبژاردەکە پێزانینیان بۆ ئەو وزە بەرزە دەبێت کە راهێنەر لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت، ئەو من و ئیریک دایێری زۆری خۆشدەویست".
لەبارەی سرووشت و کەسایەتی توخێلەوە، هاری کەین دەڵێ، "ئەو هاوسەنگییەکی نایابی هەیە و ژینگەیەکی خۆشی کارکردن دروستدەکات، بەڵام کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بەکارەوە هەبێت، ئەو زۆر سۆزاوی و زیندووە".
کەین کە لە دووایین سێ یاریی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە نەیشنسلیگ گۆڵی تۆمارنەکردووە، دەڵێ، "نەئەزموونی خۆم لەگەڵیدا، ئەو کاری زۆر دەکات بۆ دروستکردنی پەیوەندی و هاندان، چ بە گرتەی ڤیدیۆیی یان پلانی تاکتیکی، ئەو دەزانێت چۆن وزەی پۆزەتیڤ بەرهەم بهێنێت".
تۆماس توخێل کە پێشتر راهێنەرایەتی یانە گەورەکانی وەک بۆرووسیا دۆرتمۆند، چێڵسی، پاریس سانجێرمان و بایرن میونشن بووە، هەرگیز راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکانی لە ئەستۆ نەگرتووە، هەر بۆیە هاری کەین پێیوایە ئەزموونی کارکردنی کورت لە هەڵبژاردە بۆ توخێل سەرنجڕاکێش دەبێت.
ئەو لەبارەی ستایلی کارکردنی توخێلەوە دەڵێ، "من دڵنیام لەو دە رۆژەدا کە کارمان لەگەڵ دەکات، زۆرترین وزەی پۆزەتیڤ بەرهەمدەهێنێت، هەروەها هاوسەنگیی زۆر دروستدەکات لە رێگەی کەشێکی نەرمی کارکردنەوە، لەگەڵ هەندێک نوکتە و قسەی خۆش، بەڵام کاتێک دەچینە یاریگەوە، ئیدی ئەو هیچ کەس ناناسێت".
تۆماس توخێل لە دوای دەستنیشانکردنی بەڕاهێنەری نوێی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، لە یەکەمین لێدواندا گوتی، ئامانجی ئەو گەیاندنەوەی ئینگلتەرایە بە نازناوی جامی جیهانییە.