رووداو دیجیتاڵ
لیلی پێرێرا، سەرۆکی یانەی پالمێراسی بەرازیلی، بەگاڵتەکردنەوە باسی لە داهاتووی نەیمار داسێلڤای ئەستێرەی بەرازیلی کردووە، کاتێک باسی ئەوەی لەگەڵدا کراوە ئایا یانەکەی ئامادەیە گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە بکات یان نا؟
لیلی بەتووندی و گاڵتەئامێزانە بیرۆکەکەی رەتکردەوە.
ئەو خانمە سەرۆکە، لە لێدوانی بۆ تۆڕی 'ڤیڤا سپۆرت' ی بەرازیلی دەڵێ، یانەکەی ئێمە سەنگەری چارەسەری پێکان نییە، تاوەکو گرێبەست لەگەڵ نەیمار بکەین.
ئەو هەروەها دەڵێ، "نەیمار یاریزانێکی لێهاتووە، بەڵام ئێمە گرێبەست لەگەڵ یاریزانێک دەکەین سوودمان پێبگەیەنێت، هەروەها یاریزانێک کە دەستبەجێ بتوانێ یاری بکات".
داهاتووی نەیمار لەگەڵ یانەی هیلالی سعودی گومانی زۆری لەسەرە، بەهۆی دووبارەبوونەوەی پێکانە بەردەوامەکانی و ئەو یاریزانە لە هاوینی رابردووەوە کە پەیوەندی بەیانە سعودیەکەوە کردووە، زۆرینەی کات لە چارەسەری پێکانە قورسەکانی بووە.
نەیمار کە هاوینی 2023 پەیوەندی بەهیلالی سعودیەوە کردووە، لە مانگی دەی ساڵی رابردوو لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دووچاری پچرانی بەستەرەکانی ئەژنۆی بوو و بەهۆیەوە ناچاربوو نەشتەرگەری بکات.
نەیمار ماوەی ساڵێک لە یاریگەکان دابڕا، بەڵام لە 21ی مانگی پێشوو گەڕایەوە و دوای چەند خولەکێک لە یاریکردن، دووچاری پێکانبووەوە و ماوەی شەش هەفتە لە یاریکردن دادەبڕێت.
سەرچاوەکان باسیان لەوەکردووە کە نەیمار دەیەوێت ریزەکانی هیلالی سعودی بەجێبهێڵێت و بگەڕێتەوە یانەی سانتۆس کە یەکەم یانەیە، ئەو یاریزانە کاروانی یارییکردنی خۆی لەگەڵیدا دەستپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ