رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، پاش تەواوبوونی گەڕی ئەمجارەی یارییە نێودەوڵەتییەکان، خشتەیەکی قەرەباڵخ و پڕ لە گەشتی درێژ لە یارییەکانیدا لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکان، تاوەکو پشووەکانی سەری ساڵ، چاوەڕێی دەکات.
ریال مەدرید، بەر لە گەیشتن بە پشووەکانی کریسمس و لە پاش دەستپێکردنەوەی رکابەریی خولەکان، 10 یاریی ئەنجامدەدات کە تەنیا سێ یارییان لە نێو یاریگەی خۆیدایە و حەوت یاریی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیەتی. خشتەکە بۆ ریال مەدرید، خشتەیەکی تۆقێنەر و پڕ لەیاریی زەحمەتە.
لە کۆی ئەو دە یارییە، یەکێک لە یارییەکانی ریال مەدرید، تەنانەت لە دەرەوەی کیشوەری ئەوروپاشە.
یاریی یەکەمی ریال مەدرید بەرامبەر لێگانێس دەبێت لە لالیگا لە خولی ئیسپانیا. پاش سێ رۆژ یانەکە لە تاقیکردنەوەیەکی قورس و تاقەتپڕوکێن و چارەنووسسازدا، دەچێتە یاریگەی ئانفێڵد لە گەڕی پێنجەمی چامپیۆنزلیگ.
لە مانگی دوانزەدا، یانەکە حەوت یاریی ئەنجامدەدات. لە گەڕی پانزەی لالیگا، میوانداریی یانەی خیتافی دەکات، دواتر دەچێتە یاریگەی سان مامێس و لەوێ یارییەکی قورس بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو چاوەڕێی دەکات. پاش سێ رۆژ لەو یارییە، ئەمجارە ریال مەدرید رووبەڕووی جیرۆنا دەبێتەوە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی.
پاش سێ رۆژ لە یارییەکەی جیرۆنا، ئەمجارەیان ریال مەدرید روو لە ئیتاڵیا دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاتاڵانتا لەگەڕی شەشەمی چامپیۆنزلیگ لە رۆژی 10 ی مانگی 12.
بەر لە دەستپێکردنی پشووەکانی کریسمس، ریال مەدرید سێ یاریی دیکە ئەنجامدەدات. لە یاریی یەکەمیاندا بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ یارییدەکات لە خولی ئیسپانیا.
پاش ئەو یارییە، ریال مەدرید ناچارە گەشتێکی درێژ بەرەو قەتەر ئەنجام بدات، بۆ یاریی کۆتایی جامی ئینتەرکۆنتێنتال لە رۆژی 18ی دوانزە، لە کاتێکدا هێشتا لایەنی دووەمی یارییەکە دیار نییە، بەهۆی تەواونەبوونی یارییەکانی قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
دوای ئەو گەشتە درێژە، ریال مەدرید بەر لە کۆتاییهاتنی ساڵ، دەگەڕێتەوە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ و لەوێ لە گەڕی 18ی لالیگا، میوانداریی سێڤییا دەکات.
تاوەکو ئێستا کاتی ئەنجامدانی هەندێک لە یارییەکانی ریال مەدرید لە مانگەکەدا ئاشکرا نەکراون، بەڵام یانەکە ناچارە هەر سێ رۆژ جارێک، یارییەک بکات.
ریال مەدرید کە پلەی دووەمی ریزبەندی لالیگای گرتووە، بەدەست کێشەی قورسی پێکانی یاریزانەکانییەوە دەناڵێنێت، هەندێک لە یاریزانەکانی یانەکە، بەهۆی قورسیی پێکانەکانیان، تاوەکو کۆتایی وەرز، ناتوانن یاری بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ