یاریی نێوان هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق و کۆستاریکا هەڵدەوەشێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
یاریی نێوان هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق و کۆستاریکا هەڵوەشایەوە، کە بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەسرە بەڕێوەبچێت؛ ئەمەش دوای ئەوەی شاندی هەڵبژاردەی کۆستاریکا رازی نەبوون مۆری عێراق لە پاسپۆرتەکانیان بدرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 17-11-2022، دۆدۆلفۆ فیلالۆبۆس، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کۆستاریکا رایگەیاند، بڕیاریان داوە نەچنە بەسرە، چونکە پاسپۆرتەکانیان مۆری عێراقی لێدەدرێت، ئەمەش کاریگەریی دەبێت لەسەر گەشتەکانی داهاتوویان.
 
سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کۆستاریکا ئاماژەی بەوە کرد، "گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیا هەبووە، پابەندبوون، بەڵام لە مەرجەکاندا شکستیان هێناوە. 66 کەس چوونەتە کوێت، بەڵام ئاسوودە نەبوون کاتێک گەیشتوونەتە سنووری عێراق. راهێنەر ئاگاداری کردنەوە، کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە، نایانەوێت یاری بکەن، گومانیان لە ئاسایش هەبووە و متمانەیان نەبووە. تەنانەت یاریزانەکان داوایان کردبوو بگەڕێنەوە."
 
فیلالۆبۆس دەشڵێت، پێشتر رێککەوتن هەبووە، کە هیچ کێشەیەک لەبارەی مۆری سەر پاسپۆرت نییە، بەڵام بابەتەکە دواتر جیاواز بوو، ئەو کارانەش لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەوان بووە.
 
هەر لەوبارەیەوە، جینا ئیسکۆبار، گوتەبێژی یەکێتیی تۆپی پێی کۆستاریکا بە تۆڕی ESPNی ئیسپانیی راگەیاند، لایەنی عێراقی پێشێلی رێککەوتنی بەراییان کردووە سەبارەت بەوەی شاندی هەڵبژاردەی کۆستاریکا بەبێ لێدانی مۆر لە پاسپۆرتەکانیان دەچنە عێراق.
 
گوتەبێژی یەکێتیی تۆپی پێی کۆستاریکا گوتیشی، "لێدانی مۆری عێراق لە پاسپۆرتی یاریزان و ئەندامانی شاندەکە، رەنگە لە داهاتوودا کێشەیان بۆ دروست بکات. کاتێک سەردانی وڵاتانی دیکە دەکەن، رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە لە وڵاتانی جیهاندا، بەتایبەتی ئەمریکا، بۆیە پێویست بووە خۆیان لەمە دووربخەنەوە."
 
بۆیە هەڵبژاردەکە گەڕاوەتەوە کوێت بۆ بەردەوامیدان بە مەشقەکانیان پێش ئەوەی رۆژی هەینی بەرەو قەتەر بەڕێبکەون، وەکو ئامادەکاری بۆ یاریی ئەو هەڵبژاردەیە لەگەڵ ئیسپانیا لە جامی جیهانیی 2022 کە لە قەتەر بەڕێوەدەچێت.
 
بڕیاربوو ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 05:00 هەڵبژاردنی عێراق بۆ یەکەمجار لەژێر سەرپەرشتیی راهێنەری نوێی ئیسپانی خیسۆس کاساس رووبەڕووی هەڵبژاردەی کۆستاریکا ببێتەوە، کە ئەمە سێیەم یاریی دۆستانەی عێراق بوو دوای ئەوەی پێشتر لە ئیسپانیا رووبەڕووی مەکسیک و ئیکوادۆر بووەوە، بە مەکسیک دۆڕا و لەگەڵ ئیکوادۆریش یەکسان بوو.
 
هەر لەوبارەوە، عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە عێراق بڵاویکردەوە، شاندی هەڵبژاردەی کۆستاریکا رەتیانکردەوە پاسپۆرتەکانیان مۆری عێراقی لێبدرێت، لەگەڵ ئەوەی هەموو ئاسانکارییەکیان پێشکێش کردوون، لەوانەش تەنیا پشت ببەسترێت بە ئاشکراکردنی ناوەکان بەبێ پاسپۆرتەکان.
 
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە عێراق ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی عێراق هەوڵیداوە شاندەکە رازی بکەن بێنە نێو عێراق، بەڵام شاندەکە رەتیان کردووەتەوە.