خولی نایابی کوردستان؛ بە 4 یاری 2 گۆڵ تۆمارکرا

17-11-2021
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە دەستپێکی یارییەکانی گەڕی حەوتەمی خولی نایابی کوردستان، یانەی هەولێر بردنەوەیەکی زەحمەتی بەسەر یانەی سۆراندا تۆمارکرد، نەورۆزیش لە زاخۆی بردەوە.
 
چوار یاری لەم گەڕەی خولی نایابی کوردستان بەڕێوەچوون، یانەی هەولێر بە ستافی نوێی راهێنەرایەتییەوە، بووە میوانی یانەی سۆران، دوای پێشکێشکردنی ئاستێکی بەرز لەلایەن هەردوو یانەوە، سەرئەنجام یانەی هەولێر بە ئەنجامی گۆڵێكی بێ وەڵام شکستی بە یانەی سۆران هێنا.
 
یانەی هەولێر بە راهێنەرایەتیی یونس سلێمان دووەم بردنەوەیان لەم وەرزەدا تۆمارکرد و بە گۆڵێکی بێ وەڵام لە سۆرانیان بردەوە.
 
لە گێمی دووەمی یارییەکە ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ هەولێر هەژمارکرد، بەڵام ئەحمەد حەیدەر بەفیڕۆیدا و گەیلانی گۆڵپارێزی سۆران گەڕاندییەوە، دواتر ناوبژیوان لێدانێکی سزای دیکەی بۆ هەولێر هەژمارکرد، ئەمجارەیان دیدار غازی گۆڵی تۆمارکرد، لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکەدا لێدانێکی راستەوخۆ بۆ یانەی سۆران هەبوو، لە کاتی جێبەجێکردنەکەدا ئاڕاستەی تۆپەکە لەلایەن یاریزانێکی یانەی سۆرانەوە گۆڕا و چووە نێو گۆڵ، بەڵام ناوبژیوان رەتیکردەوە، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی زیاتری یاریزانان و هاندەرانی سۆران و هەندێک گرژی دروستبوو، لە کۆتاییشدا هەولێر 1-0 براوەبوو، لە پلەی 15ـەوە چووە پلەی دەیەم بە 7 خاڵ، سۆرانیش 6 خاڵی هەیە.
 
لە یارییەکی دیکەدا یانەی نەورۆز بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ وەڵام شکستی بە یانەی زاخۆ هێنا، تاکە گۆڵەکەی یانەی نەورۆز لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا تۆمارکرا، کە یاریزان محەممەد رۆکان کردی لە خولەکی 16.
نەورۆز بەشێوەیەکی کاتی سەرکەوتە پلەی چوارەم بە 12 خاڵ و زاخۆش لە پلەی حەوتەمە بە 9 خاڵ.
 
لە لایەکی دیکەوە یانەی دەربەندیخان میوانداری یانەی شەقڵاوەی کرد، بەبێ ئەوە هیچ لایەکیان بتوانن گۆڵ تۆمار بکەن، یارییەکە بە یەکسانبوون بە بێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
ئەمە دووەم یارییە لەسەر یەک دەربەندیخان ئەنجامی یارییەکانی بە یەکسانبوون کۆتاییدێت، دوای ئەوەی بەرامبەر شەقڵاوە بەبێ گۆڵ و بەرامبەر بوون. 
 
شێروانەی کەلار میوانداری سەیدسادقی کرد، ئەنجامی ئەو یارییەش بەبێ تۆمارکردنی گۆڵ کۆتاییهات. یانەی شێروانە لە کۆی خەوت یاری خاوەنی شەش خاڵە و بەشێوەیەکی کاتی بۆ پلەی چواردەیەمی ریزبەندی دابەزی، شەقڵاوەش دۆخی لە شێروانە خراپترە و دابەزی بۆ پلەی پازدەیەمی ریزبەندی. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە