4 ئەستێرە مووچەی زیاتر لە مێسی وەردەگرن

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی كریستیانۆ رۆناڵدۆ زۆرترین مووچە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لەوانەیە لیۆنێل مێسی گەورەترین یاریزانی تۆپی پێی هەموو سەردەمەکان بێت و بەو هۆیەوە یەکێک بێت لە دەوڵەمەندترین یاریزانەکانی جیهان، بەڵام لە ساڵی 2024 نابێتە خاوەنی زۆرترین مووچەی تایبەت لە بواری تۆپی پێدا.
 
سەرەڕای ئەمەش، مێسی دەستەوارەیەکی خەیاڵی لە خولی سعودی رەتکردەوە کە دووبارە نابێتەوە، بۆ ئەوەی لەوێ شانبەشانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی ئێستای یانەی نەسڕ درێژە بە ژیانی وەرزشیی نایابی خۆی بدات و بەرزترین مووچە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا وەربگرێت.
 
بەپێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی ستاتیستا بڵاویکردووەتەوە، ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە ئێستا نزیکەی 65 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت لەگەڵ ئەو تیپەی کە دەیڤید بێکهامی ئینگلیزی، ئەفسانەی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد و ریال مەدرید، خاوەنی بەشێکی پشکەکانیەتی.
 
ماڵپەڕی فوتبووڵ پلانت، بە بڵاوکردنەوەی راپۆرتێکی ستاتیستا ئاشکرایکردووە، کە مێسی پلەی پێنجەمی گرتووە لەنێو ئەو ئەستێرانەی لەسەر ئاستی جیهاندا زۆرترین مووچەی ساڵانە وەردەگرن.
 

مێسی لە پلەی پێنجەم دێت، بەبڕی 65 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، کە مووچەی بنەڕەتییە بەبێ ئەوەی هیچ زیادکردنێکی هەبێت کە پەیوەندی بە ئاستی لە ریزەکانی ئینتەرمەیامیدا هەبێت، جگە لە گرێبەستە تایبەتەکانی سپۆنسەری و ریکلامەکانی.
 
ئەمە ریزبەندیی ئەو 4 ئەستێرانەیە، کە مووچەی زیاتر لە مێسی وەردەگرن: 
 
نەیمار - هیلالی سعودی
 
نەیمار باشترین گرێبەستی لە ژیانی تۆپی پێیدا بەدەستهێنا، کاتێک پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی هیلالی سعودیەوە کرد، کە لە رێگەیەوە ساڵانە 80 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەردەگرێت.
 
نەیمار لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا لەکاتی بەشداریکردنی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل تووشی پێکانێکی سەخت بوو لە بەستەری پێشەوەی ئەژنۆ، پێشبینیش دەکرێت بەم نزیکانە بگەڕێتەوە نێو یاریگاکان.
 

کیلیان ئێمباپێ - ریال مەدرید
 
سەرەڕای ئەوەی کاتێک ئەستێرە فەرەنسییەکە بۆ یەکەمجار پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە کرد، هەواڵەکان ئاشکرایان کرد کە ئەو یاریزانە خاوەنی زۆرترین مووچەی یاریزانانی تیپەکە نییە، بەڵام ستاتیستا پێچەوانەی ئەوە دووپات دەکاتەوە.
 
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، داهاتی ئێستای ئێمباپێ لە ریزەکانی ریال مەدریددا دەگاتە 90 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر وەرزێک، کە دەکاتە نزیکەی زیاتر لە یەک ملیۆن و 700 هەزار دۆلار لە هەفتەیەکدا.
 
هەروەها ئێمباپێ نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر لە کاتێکدا کە لەگەڵ پاریس سانجێرمان بوو لە فەرەنسا، دەستەوارتەیەکی گرانبەهای لە هیلالی سعودی رەتکردەوە.
 

کەریم بنزیما - ئیتیحادی سعودی
 
کەریم بنزیما دوای بەدەستهێنانی نازناوی بیست و پێنجەمی لەگەڵ ریال مەدریدی ئیسپانی و بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ لەگەڵیدا، ریزەکانی یانەی شاهانەی جێهێشت، و رووی لە خولی رۆشنی سعودی کرد.
 
یاریزانە فەرەنسییەکە لە ساڵی 2023 بەگواستنەوەیەکی بێبەرامبەر رووی لە یانەی ئیتیحادی سعودیە کرد و لە رێگەی خولی پیشەگەری رۆشنەوە بووە یەکێک لەو ئەستێرانەی تۆپی پێی جیهان کە زۆرترین مووچە وەردەگرن.
 
یاریزانە فەرەنسییەکە بەگرێبەستێکی سێ ساڵە چووە سعودیە کە ساڵانە 100 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەردەگرێت، هەرچەندە لە سەرەتای گواستنەوەی بۆ تیپەکە تووشی کێشەی زۆر بووەوە، بەڵام وەرزی رابردوو لە 29 یارییدا 13 گۆڵی تۆمارکردووە، و وەرزی ئێستای بە باشتر دەستیپێکردووە و لە 6 یارییدا 7 گۆڵی کردووە.
 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ - یانەی نەسڕ
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە پلەی یەکەمی لیستی زۆرترین مووچەی جیهاندایە، دوای ئەوەی پەیوەندیکردنەکەی سوپرایزێکی لە جیهانی تۆپی پێدا دروستکرد.
 
یاریزانە پۆرتوگالییەکە یەکەم ئەستێرەی گەورەبوو کە یانەکانی سعودی توانیان واژۆکەی بەدەستبهێنن، ئەمەش دەرگای بۆ ئەستێرەکانی وەک کەریم بنزیما و نەیمار داسیلڤا کردەوە کە لە هەمان خولدا یاری بکەن.
 
رۆناڵدۆ بۆ هەر وەرزێک 200 ملیۆن دۆلار لە یانە سعودییەکەی وەردەگرێت، تەنیا لە رێگەی گرێبەستە تایبەتییەکەیەوە کە تاوەکو کۆتایی وەرزی 2024-2025 درێژدەبێتەوە، بەبێ ئەوەی هەژماری دیکەی پەیوەست بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و داهاتەکەی لە یوتیوب، یان داهاتەکەی لە گرێبەستە سپۆنسەرییەکان و رێکلامەکان هەژمار بکرێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە