لووتکەی هەفتەی داهاتووی پرێمەرلیگ، لیڤەرپوول و چێڵسی کۆدەکاتەوە

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیاری حەسەن
نیشانەکردن یانەی لیڤەرپوول یانەی چێڵسی
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

لە ئینگلتەرا، لیڤەرپوول و چێڵسی رووبەڕووی یەکدەبنەوە و چاوەکان لەسەر مانچێستەر سیتی و ئارسیناڵن کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان دوو تاقیکردنەوەی سەختیان دەبێت.
 
گەڕی هەشتەمی پرێمەرلیگ دەستپێدەکات، پاش راوەستانی خولەکان بەهۆی یارییە نێودەوڵەتییەکان دەستپێدەکاتەوە و کۆمەڵێک یاریی ئاگرینی تێدا ئەنجامدەدرێت، لە یەکەم یاری گەڕەکەدا هەردوو یانەی تۆتێنهام و وێستهام یونایتد رووبەڕووی یەکدەبنەوە لە دێربییەکی لەندەنی تایبەتدا، بەشداریکردنی هەردوو ئەستێرەی تۆتێنهام، هیونگ مین سۆن و ریچارلیسۆن جێگەی گومانە بۆ یارییەکە و پێشبینی دەکرێت لە یارییەکە دووربخرێنەوە.
 
ئەنجامەکانی یانەکە لە ئاستی پێشبینییەکان نییە، تیپەکەی پۆستیکۆگلو بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ دێت.
 
وێستهام یونایتد لە لایەکی دیکەوە بە کۆکردنەوەی هەشت خاڵ لە ریزبەندی پرێمەرلیگدا لە پلەی 12 دێت، یانەکە سەرەڕای گواستنەوەی کۆمەڵێک یاریزان، هێشتا لۆپیتیگێ نەیتوانیوە تێگەیشتنێکی تەواو لە نێوان ئەستێرەکانی یانەکەی دروستبکات.
 
یونایتد و ترسی سەرنەکەوتنێکی دیکە
 
مانچێستەر یونایتد بە کۆمەڵێک برینی قوڵەوە رووبەڕووی یانەی برێنتفۆرد دەبێتەوە، ئەو یانەیە ئەم وەرزە بە سەرکردایەتی ئێریک تێن هاگ، بە خراپترین دەستپێکی خۆی لە وەرزەکەدا تێپەڕ دەبێت.
 
مانچێستەر یونایتد لە حەوت یاریدا، تەنیا هەشت خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی چواردەیەمی پرێمەرلیگ دێت، یانەکە 5 گۆڵی تۆمارکردووە و 8 گۆڵی لێکراوە، بۆ یارییەکەی بەرامبەر برێنتفۆرد، مانچێستەر لە تواناکانی نوسەیر مەزراوی، هاری ماگوایەر، لێنی یۆرۆ و تایرێل مالاسیا بێبەشدەبێت، گومان لەسەر یاریکردنی مەیسۆن ماونت و لوک شاویش هەیە.
 
لە بەرامبەردا یانەی برێنتفۆرد بە سەرکردایەتی تۆماس فرانک، بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ، لە پلەی یانزەیەمی خولەکە دێت، ئەو یانەیە 13 گۆڵی تۆمارکردووە و 13 گۆڵی لێکراوە، ئەو یانەیە لە تواناکانی حەوت یاریزانی بێبەش دەبێت کە گرنگترینیان، یوانی ویسا، ماتیس یانسین، جۆش داسیلڤا و ریکۆ هێنرین.
 
ئارسیناڵ و درێژەدان بەگوشارەکانی
 
لە درێژەی یارییەکانی پرێمەرلیگ، ئارسیناڵ میوانێکی قورس دەبێت لە یاریگەی ڤیتاڵیتی، کاتێک رووبەڕووی یانەی بۆرنمۆس دەبێتەوە، ئارسیناڵ لەم وەرزەدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و 17 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە دێت، پێکان تەنگی بە تیپەکەی میکێل ئارتێتا هەڵچنیوە، ئەو یانەیە لە تواناکانی کای هاڤێرتز، گابریێل مارتینێلی، تۆماس پارتی، مارتین ئۆدیگارد، ئۆلیکاسندەر زینچێنکۆ و کیران تێرنی بێبەش دەبێت، گومان لەسەر بەشداریکردنی بوکایۆ ساکاش هەیە.
 
گەنەرز تەنیا خاڵێک لە یەکەمی ریزبەندییەکە دوورن و دەیانەوێت بەردەوامی بە گوشارەکەیان لەسەر ریزەکانی پێشەوە بدەن.
 
بۆرنمۆس لای خۆیەوە بە تەواوی پێکهاتەکەیەوە ئامادەیە، بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئارسیناڵ ببێتەوە، ئەو یانەیە لەپلەی سیانزەیەمی پرێمەرلیگ دێت بە کۆکردنەوەی هەشت خاڵ، ئاندۆنی ئیراوۆلا راهێنەری یانەکە دەیەوێت لە یاریگەی خۆی، ئارسیناڵ تووشی یەکەم دۆڕانی ئەم وەرزە بکات.
 
مانچێستەر سیتیش هاوشێوەی ئارسیناڵ هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە لەم وەرزەدا، ئەو یانەیە لە پلەی دووەمی خولەکە دێت بە کۆکردنەوەی 17 خاڵ، سیتیزنز 17 گۆڵیان تۆمارکردووە و هەشت گۆڵیان لێ تۆمارکراوە، ئەم هەفتەیە میوانی وۆڵڤەرهامپتن دەبن، تیپەکەی گواردیۆلا لە تواناکانی رۆدری هێرناندێز و ئۆسکار بۆب بێبەش دەبێت، گومان لەسەر بەشداریکردنی نایسەن ئاکێ و کێڤین دی برۆین هەیە، وۆڵڤەرهامپتۆن وەرزی رابردوو لەم یاریگەیە، توانی مانچێستەر سیتی تووشی یەکەم دۆڕان بکات.
 
وۆڵڤەرهامپتۆن بە دەستپێکێکی کارەساتاویدا دەڕوات، ئەو یانەیە تاوەکو ئێستا تەنیا خاڵێکی کۆکردووەتەوە و لە پلەی کۆتایی خولەکە دێت، خراپترین هێڵی بەرگری هەیە و 21 گۆڵی لێکراوە، یانەکە بەدوای دۆزینەوەی ئاستی پێشووتری خۆیدا دەگەڕێت و دەیەوێت لەڕێی ئەم یارییەوە خۆی بسەلمێنێت.
 
ئانفێڵد لووتکەی هەفتەکە لەخۆدەگرێت
 
گرنگترین یاری هەفتەکە لە ئانفیڵد دەبێت، کاتێک هەردوو یانەی لیڤەرپوول و چێڵسی بەیەکدەگەن. لیڤەرپوول بە سەرکردایەتی ئارنێ سلۆت لە پلەی یەکەمی خولەکە دێت و توانیویەتی 18 خاڵ کۆبکاتەوە، بەهێزترین هێڵی بەرگری پرێمەرلیگی هەیە و تەنیا دوو گۆڵی لێکراوە، یانەکە لە حەوت یاریدا 13 گۆڵی تۆمارکردووە، بۆ یارییەکەی چێڵسی لە تواناکانی ئالیسۆن و هارڤی ئیلیۆت بێبەش دەبێت، بەشداریکردنی فێدریکۆ کیێزاش جێگەی گومانە.
 
لیڤەرپوول چەند هەفتەیەکی سەخت چاوەڕێی دەکات، یانەکە دوای ئەم یارییە، رووبەڕووی هەر یەکە لە 'لایپزیگ، ئارسیناڵ، برایتن، لیڤەرکوزن و ئاستۆن ڤێلا' دەبێتەوە، ئارنێ سلۆت دەیەوێت بە کەمترین زیانەوە لەم کاتە سەختەی وەرزەکەدا بێتە دەرەوە.
 
یانەی چێڵسی بە کۆکردنەوەی 14 خاڵ لە ریزبەندی چوارەمی خولەکە دێت، یانە لەندەنییەکە لەژێر سەرکردایەتی ئینزۆ مارێسکا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لە حەوت یاریدا 14 خاڵی کۆکردووەتەوە، 16 گۆڵی تۆمارکردووە و هەشت گۆڵی لێکراوە، یانەکە لە تواناکانی مارکس کوکورییا و وێسلی فۆفانا بێبەش دەبێت لەبەر کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکان، گومان لە بەشداریکردنی ریس جەیمزیش هەیە، چێڵسی لە دوایین پێنج یاریدا نەیتوانیوە بەسەر یانەی لیڤەرپوولدا سەربکەوێت.
 
خشتەی سەرجەم یارییەکانی ئەم هەفتەیەی پرێمەرلیگ
 
شەممە 19/10
 
تۆتێنهام - وێستهام 14:30
 
ئیپسویچ تاون - ئیڤێرتن 17:00
 
فولهام - ئاستۆن ڤێلا 17:00
 
مانچێستەر یونایتد - برێنتفۆرد 17:00
 
نیوکاسڵ یونایتد - برایتن 17:00
 
ساوسهامپتۆن - لێستەر سیتی 17:00
 
بۆرنمۆس - ئارسیناڵ 19:30 
 
یەکشەممە 20/10
 
وۆڵڤەرهامپتۆن - مانچێستەر سیتی 16:00
 
لیڤەرپوول - چێڵسی 18:30
 
دووشەممە 21/10
 
نۆتینگهام فۆرێست - کریستاڵ پاڵاس 22:00
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە