ریال مەدرید لە گواستنەوەی ئەستێرەیەک نزیکدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید لە ئێستاوە کار بۆ گواستنەوەکانی داهاتوو دەکات و یانەکە دەیەوێت ئەستێرەیەکی بەنێوبانگی هێڵی بەرگری بباتە یانەکەی و لە گەیشتن بە رێککەوتن نزیکبوونەتەوە.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت "ئەلیکساندەر ئارنۆڵد، بەرگریکاری ئینگلیزی و یانەی لیڤەرپوول، ئامانجی داهاتووی یانەی ریال مەدریدە و یاریزانەکە بە یانەکەی گوتووە بەڵێ."
 
بەپێی سەرچاوەکە، رێککەوتنی تەواو لەگەڵ یاریزانەکە کراوە، کە لە 2025 دەبێتە یاریزانێکی ئازاد، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێک واژۆ نەکراوە."
 
رامۆن ئەلڤارێز، رۆژنامەڤانی رۆژنامەی مارکا لەو بارەیەوە گوتی "بیرۆکەی گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانەکە لە گواستنەوەی زستانەدا رەتنەکراوەتەوە، بەڵام زەحمەتە ئەوە بکرێت."
 
ئەلیکساندەر ئارنۆڵد، تەمەنی 26 ساڵە، یاریزانە لە دیارترین بەرگریکارەکانی باڵی راستە لەسەر ئاستی ئەورووپا و جیهان، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول لە هاوینی 2025 کۆتاییدێت و نرخی ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەدا دەگاتە 70 ملیۆن یۆرۆ.
 
ریال مەدرید لە کاتێکدا بیر لە گواستنەوەی ئارنۆڵد دەکاتەوە، دانی کارڤاخاڵ، بەرگریکار و کاپتنی یانەکە تووشی پێکانێکی قورس بووە و ماوەیەکی زۆر لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە.