پۆگبا باسی پەیوەندی خۆی لەگەڵ مۆرینیۆ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

پۆڵ پۆگبا، ئەستێرەی فەرەنسی و پێشووی یانەی یوڤێنتوس، خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ نێو یاریگەکان ئامادەدەکات و دەڵێت "دەمەوێت جارێکی دیکە بۆ یوڤێنتوس یاری بکەمەوە."
 
پۆگبا لە نوێترین هەڤپەیڤینیدا دەڵێت "دەمەوێت جارێکی دیکە یاری بکەمەوە و لە یوڤێنتوس دەربکەومەوە، بۆ ئەوەش ئامادەم مووچەکەم کەمبکرێتەوە."
 
ئەستێرە فەرەنسییەکە لە هەڤپەیڤینەکەدا باسی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆ دەکات، ئەو کاتەی لە مانچێستەر یونایتد بوو و دەڵێت "پەیوەندییەکەمان وەکو پەیوەندیی خۆشەویستی نێوان کوڕێک و کچێک بوو، کە بەردەوام لە یەکدی جیادەبنەوە."
 
پۆگبا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ مۆرینیۆ بە کابووس ناودەبات و دەڵێت "سەرەتا پەیوەندییەکەمان زۆربەباشی دەستیپێکرد، ئەو یەکێک بوو لە هۆکارەکانی گەڕانەوەم بۆ مانچێستەر یونایتد، بەڵام دوای ئەوە پەیوەندییەکە گۆڕا بۆ کابووس و شەڕی بەردەوام، کە نازانم ئەوە چۆن روویدا."
 
پۆڵ پۆگبا دوای ئەوەی تۆمەتبارکرا بە بەکارهێنانی ماددەی وزەبەخش، بۆ ماوەی 4 ساڵ لە هەموو چالاکییەکی وەرزشی راگیرا، بەڵام مانگی رابردوو هەواڵێکی خۆشی پێدرا، کە یاریزانەکان دەتوانێت لە ئاداری ساڵی داهاتوو بگەڕێتەوە نێو یاریگەکان، بۆیەش یاریزانەکە ئێستا خۆی ئامادەدەکات و دەیەوێت بەباشترین ئاستەوە دەست بە یاریکردن بکاتەوە.