بۆمبەکە تەقییەوە.. کچێک نهێنی نوێ لەبارەی سەردانەکەی ئێمباپی بۆ سوێد ئاشکرا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

نهێنی نوێ لەبارەی سەردانە کورتەکەی کیلیان ئێمباپێ بۆ سوێد ئاشکرابوو، ئافرەتێک رایگەیاندووە ئەو ئەستێرەیە لەوێ ئاهەنگێکی گەورەی سازکردووە و نەیهێشتووە کەس مۆبایلەکەی بباتە نێو ئاهەنگەکەوە.
 
وەک ئافرەتەکە ئاشکرایکردووە، ئاهەنگەکە لەهەمان ئەو رۆژەدا بووە کە ئافرەتێک لەو هوتێلەی ئێمباپێی تێدا ماوەتەوە، سکاڵای تۆمارکردووە و گوتوویەتی دەستدرێژیی سێکسیم کراوەتە سەر.
 
هەفتەی پێشوو، کیلیان ئێمباپێ لەسەر شەقامێکی سوێد بەدەمامکەوە بینرا، دواتر سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکرد کە لە هەمان ئەو هوتێلەدا کە کیلیان ئێمباپێی لێبووە، لە شەوی دەی مانگدا، ئافرەتێک سکاڵای تۆمارکردووە و کەسێکی نەناسراوی بەدەستدرێژیی سێکسی تۆمەتبارکردووە. هەندێک سەرچاوە بەدووری نازانن، سکاڵالێکراوەکە کیلیان ئێمباپێ بێت، بەڵام پارێزەری ئێمباپێ ئەو تۆمەتەی رەتکردووەتەوە.
 
تاوەکو ئێستاش پۆلیسی سوێد هیچ لێدوانێکی لەبارەی سکاڵاکەوە نەداوە و ئێمباپێش بانگهێشتی لێکۆڵینەوە نەکراوە.
 
لە نوێترین پێشهاتی پەیوەست بەسەردانەکەی ئێمباپێ بۆ سوێد، میدیای ئەو وڵاتە ئاشکرایانکردووە، ئێمباپێ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی بووە لە سوێد و لەوێ ئاهەنگێکی تایبەتی گەورەی رێکخستووە.
 
جولیا فرانزین، نمایشکاری جلوبەرگ و کەسایەتیی ناسراوی نێو سۆشیال میدیای سوێدی، ئاشکرایکردووە ئێمباپێ ئاهەنگێکی گەورەی لە یەکێک لە شەوەکانی مانەوەی لە سوێد سازکردووە، ئەم خۆی یەکێکبووە لە بەشداربووەکانی ئاهەنگەکە.
 
جولیا دەڵێ شەوی دەی مانگ، ئاهەنگەکە سازکراوە، گەورە و پڕ لە خەڵک بووە، هەمووان بەتایبەت بانگهێشتکراون و کەسایەتی ناسراوی لێبووە.
 
جولیا قسەی بۆ رۆژنامەی 'ئێکسپرێسن'ی سوێدی کردووە، ئاشکرایکردووە، کە هەر کەسێک بانگهێشتی ئاهەنگەکە کرابێت، لە دەرەوە مۆبایلی لێسەنراوە و رێگەنەدراوە کەس بەمۆبایلەوە بچێتە ئاهەنگەکەوە، هەر بۆیە هیچ وێنەیەکی ئاهەنگەکە بوونی نییە.
 
ئەو دەڵێ ئاهەنگەکە لە یانەیەکی شەوانەی ستۆکهۆڵم بووە، روونیکردووەتەوە، "ئەوە کارێکی ئاساییە کە رێگە بەکەس نەدرا بە مۆبایلەوە بچنە ئاهەنگەکەوە، چونکە سەرپەرشتیارانی ئاهەنگەکە گرێبەستیان لەگەڵ دەکرێت بۆ دۆزینەوەی هەندێک ئافرەت، ئامادەبووەکانیش بەتایبەت بانگهێشتدەکرێن و بەتایبەت تەلەفۆنیان بۆ دەکرێت، مەرجیش بۆ کەسەکان بریتییە لە جوانی، رووکەشی باش و کەسایەتی دۆستانە".
 
ئەو دەڵێ، "لە ئاهەنگەکەی ئێمباپێ، لە دەی مانگدا، داوا لە هەموو ئامادەبووانکرا بەرلەوەی بچنە نێو یانەکەوە، تەلەفۆنەکانیان لەنێو سندووقێکی تایبەتدا دابنێن، ئەمەش شتێکە زۆر روودەدات، پێشتر لە ئاهەنگێکی کریستیانۆ رۆناڵدۆشدا هەمان شتم بینی".
 
ئەو خانمە سوێدیە ئەوەشی ئاشکراکردووە کە پێشتر بەیاوەریی کامێلدا ڤوجیستیدتی نمایشکار، چووەتە تۆرینۆ بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی تایبەتی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە ساڵی 2018 بەرلەوەی بەرەو رووسیا بۆ بەشداریکردن لە جامی جیهانی بەڕێبکەوێت. ئاماژەی بەوەداوە لەو ئاهەنگەشدا تەلەفۆن لە هەموو ئامادەبووان وەرگیراوە و ئاهەنگەکەش خۆش و سەرنجڕاکێش بووە.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، سەرچاوە نزیکەکان لە ئێمباپێ، هەواڵی تێوەگلانی ئەو ئەستێرەیەیان لە هەموو رووداوەکاندا رەتکردەوە، یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بەوەستانەوە لە پشتی ئەو رووداوە تۆمەتبارکرد.