رێوڕەسمی "مێسی گەورەترین براوەی تۆپی پێیە" بەڕێوەدەچێت

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ رێوڕەسمێکی تایبەت بۆ لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی ئەرجەنتین و یانەی ئینتەرمەیامی رێکدەخرێت و وەکو باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ دەناسێنرێت.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، رێوڕەسمێکی تایبەت بۆ لیۆنێل مێسی، رێکدەخات و یاریزانەکە وەکو باشترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا دەناسێنێت، رۆژنامەکە رێزلێنانەکە لە ژێر ناونیشانی "مێسی گەورەترین براوەی تۆپی پێیە" رێکدەخات و رێز لە کاروان و مێژووی یاریکردنی ئەستێرەی تانگۆ دەگرێت.
 
رێوڕەسمەکە لە یاریگەی ئینتەرمەیامی لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، مارکای مەدریدی مێسی وەکو باشترین یاریزانی هەموو سەردەمەکان خەڵات دەکات، لە رێوڕەسمەکەدا خوان ئیگناسیۆ گایاردۆ، بەڕێوەبەری رۆژنامەی مارکا و خۆرخی ماس، یەکێک لە خاوەنەکانی ئینتەرمەیامی و هاوڕێکانی لیۆنێل مێسی ئامادەی دەبن.
 
مێسی لەکاتێکدا وەکو باشترین یاریزانی مێژوو لەلایەن ریال مەدریدەوە دەناسێنرێت، یاریزانەکە یەکەم یاریزانە لە مێژووی تۆپی پێدا 46 نازناوی جیاواز لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی بباتەوە.
 
لیۆنێل مێسی، لە دوایین یاریی ئەرجەنتین لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا، هاتریکی تۆمارکرد و سەرکردایەتیی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد بۆ بردنەوە لە بۆلیڤیا بە شەش گۆڵی بێبەرامبەر و ژمارەی هاتریکەکانی لە کاروانی یارییکردنیدا گەیاندە 10 هاتریک.
 
سەردەمی زێڕینی مێسی لە یانەی بارسێلۆنا بووە و لەگەڵ ئەو یانەیە 35 نازناوی جیاوازی لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئەورووپا بردووەتەوە، لەوانە 4 نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
 
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، ئەستێرەی تانگۆ لە ماوەی 4 ساڵی رابردوودا 4 نازناوی جیاوازی بۆ هەڵبژاردەکە بردووەتەوە، لەوانە مۆندیالی 2022، کۆپا ئەمریکای 2021 و 2024 و فایناڵیسیمای 2024، جگە لەوەش لە 2008 میدالیای زێڕی ئۆڵیمپیادی بەجینی لەگەڵ هەڵبژاردەکە بردووەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە