دوورخستنەوەی فێرگسۆن کاردانەوەی گەورەی لێدەکەوێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دوورخستنەوەی سێر ئەلێکس فێرگسۆن، وەکو باڵیۆزی جیهانی یانەی مانچێستەر یونایتد لەلایەن سێر جیم راتکلیف و بڕینی پاداشتە داراییەکانی لەلایەن یانەکەوە کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە و یاریزانێکی پێشووی ئینگلتەرا داوا لە یاریزانەکانی یانەکە دەکات خۆیان مووچەی فێرگسۆن بدەن.
 
لە بڕیارێکی نوێدا، سێر جیم راتکلیف، خاوەنی یانەی مانچێستەر یونایتد بڕیاریداوە، دوای کۆتاییهاتنی وادەکەی، چیدیکە فێرگسۆن باڵیۆزی مانچێستەر یونایتد نەبێت، پاداشتە داراییەکانی کە لە ساڵێکدا 2.16 ملیۆن پاوەندە و لە 2013ـەوە وەردەگرێت چیدیکە پێی نادرێت و جگە لەوەش رێگەی نادرێت بچێتە ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی یانەکە لە ئۆڵدترافۆرد، ئەمەش کاردانەوە و ناڕەزایەتیی لێکەوتووەتەوە.
 
ستیوارت پێرس، یاریزانی پێشووی ئینگلتەرا، لەو بارەیەوە دەڵێت "پێویستە یاریزانانی ئێستای مانچێستەر یونایتد هەست بەو بەرپرسیارەتییە بکەن و ئەو مووچەیە دابین بکەن بۆ ئەوەی فێرگسۆن بمێنێتەوە، چونکە ئەو زۆر گرنگە بۆ یانەکە."
 
ئێریک کانتۆنا، ئەستێرەی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد دەڵێت "دەبوو فێرگسۆن تاوەکو دوایین رۆژی ژیانی هەرچییەکی ویستبا لە ئۆڵدترافۆرد بکات، ئەمە بێڕێزییەکی گەورەیە بەرامبەر فێرگسۆن و ئەوانەی بڕیارییەکەیان داوە شوێنیان زبڵدانی مێژووە."
 
دوورخستنەوەی سێر ئەلێکس فێرگسۆن، لە کارەکەی لەلایەن خاوەنی نوێی یانەی مانچێستەر یونایتد لە کاتێکدایە، فێرگسۆن یەکێک لە ئەفسانە هەرە کاریگەر و دیارەکانی مانچێستەر یونایتد بووە و گەورەترین رۆڵی هەبووە و لە دروستکردنی مێژوو و ناوبانگی یانەکەدا.