لێدوانی فەرمیی لوئەی سەڵاح بۆ رووداو لەبارەی سکاڵاکردنی لە یانەی هەولێر

17-10-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لوئەی سەڵاح
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لوئەی سەڵاح، ئەستێرەی پێشووی یانەی هەولێر و راهێنەری ئێستای یانەی کارەبا، سکاڵای لە دژی یانەی هەولێر تۆمارکردووە و لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە داوای مافەکانی دەکات.
 
لوئەی لەلێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداو کە یەکەمجارە بۆ میدیاییەکی کوردی لەو بارەیەوە قسەبکات گوتی "شەوی دووشەممە دوو کەس کە لە هەولێرەوە هاتبوون هاتوونەتە لام و پێیانگوتم، هەولێر پارەی نییە و داوادەکەین کە ئاسانکاری بکەیت بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتن، منیش لەگەڵیان رێککەوتم کە نیوەی ئەو پارەیەم پێبدەن کە داوای دەکەم و کۆی گشتی 430 ملیۆن دینارە."
 
راهێنەری یانەی کارەبا، زیاتر بە رووداوی گوت "دوای ئەو رێککەوتنە، چوومەتە بارەگای یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و چاوم بە وەلید عارەب، سەرۆکی یانەی هەولێر کەوت، بەڵام ئەو پێی گوتم، ئاگاداری هیچ رێککەوتنێک نین و ئامادەنین هیچ بڕە پارەیەکت پێبدەین."
 
لوئەی سەڵاح لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "هەستدەکەم لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق جۆرێک لە دواخستن لەلایەن لیژنەی رێکاری هەیە بۆ ئەوەی بڕیار نەدرێت، تاوەکو خولی عێراق دەستپێبکات و هەولێر بەشداری لە خولەکدا بکات و دوای ئەوەش مافەکانم نەدرێت."
 
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق یانەی هەولێری لە سکاڵای لوئەی سەڵاح ئاگادارکردووەتەوە، بۆ ئەوەی مافە داراییەکانی یاریزانەکە بدات بۆ ئەوەی بتوانێت بەشداری لە خولی عێراقدا بکات.
 
وەلید عارەب، سەرۆکی یانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە چوومەتە بەغدا و تاوەکو چارەی نەکەین ناگەڕێمەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە