دەستەوارەیەکی خەیاڵی بۆ مۆرینیۆ

 
رووداو دیجیتاڵ

سعودیە خۆی بۆ گرێبەستێکی دیکە ئامادەدەکات و دەیەوێت ئەستێرەیەکی دیکە بباتە خولی وڵاتەکەی، بەڵام ئەمجارە وەک راهێنەر نەک یاریزان.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، گفتوگۆکان لەنێوان سعودیە و جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری بەنێوبانگی پۆرتوگالی و یانەی رۆما دەستیانپێکردووە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا جۆزێ ببێتە راهێنەری یەکێک لە یانەکانی ئەو وڵاتە و رووبکاتە خولی سعودی.
 
تورکی ئەلخامدی، رۆژنامەڤانێکی سعودیە و دەڵێت "گفتوگۆکان بەخێراییەکی زۆر دەچنە پێشەوە، ئەگەر هیچ شتێکی چاوەڕواننەکراو روونەدات، یانەیەکی گەورەی ئەوروپا نەیەتە پێشەوە، مۆرینیۆ لە داهاتوویەکی نزیکدا لە خولی سعودی دەبینن."
 
بەپێی زانیارییەکان، دەستەوارەیەکی گەورە بۆ مۆرینیۆ ئامادەکراوە، مووچەی ساڵانەی راهێنەرەکە دەگاتە 50 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام هێشتا دیارنییە ئەگەر جۆزێ بچێتە سعودیە دەبێتە راهێنەری کام یانە.
 
هەوڵەکانی سعودیە بۆ رازیکردنی جۆزێ مۆرینیۆ، بۆ ئەوەی بچێتە خولی ئەو وڵاتە لەکاتێکدایە، پێشتر مۆرینیۆ رایگەیاندووە، ئەوەی سعودیە دەیکات سەرنجڕاکێشە و لە داهاتوودا لەو خولەدا دەیبینن، بەڵام دیارنییە کەی.
 
هاوینی رابردوو سعودیە دەستەوارەیەکی گەورەی پێشکێشی مۆرینیۆ کرد، بەڵام راهێنەرەکە بەهۆی ئەوەی بەڵێنی مانەوەی بە یانەی رۆما دابوو بڕیارییدا ئەو دەستەوارەیە رەتبکاتەوە و لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکە درێژە بە کارەکەی بدات.