ریال مەدرید چاوی لە بێلینگهامێکی دیکەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، سەرەڕای ئەوەی ماوەی چەند مانگێکی کەمە گرێبەستی لەگەڵ جود بێلینگهام واژۆکردووە، دەیەوێت برای ئەو یاریزانەش بباتە ریزەکانی و چاودێریی دەکات.
 
جوبی بێلینگهام، برای جود بێلینگهامە، ئەو لە تیپی خوار 19 ساڵانی ئینگلتەرا یارییدەکات، یاریزانی یانەی ساندەرلاندی ئینگلیزییە و تەمەنی 18 ساڵە، بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی هەفتەی رابردوو چاودێرێکی یانەی ریال مەدرید کە بەدوای بەهرەی نوێدا دەگەڕێت، لە یاریی هەڵبژاردەی لاوانی ئینگلتەرا بەرامبەر مۆنتێنیگرۆ ئامادەبووە، بۆ ئەوەی چاودێریی تواناکانی بێلینگهام بکات.
 
جوبی پێشتر یاریزانی بێرمینگهام بوو، ئێستا بۆ ساندەرلاند یارییدەکات لەو یانەیەدا لە 11 یارییدا 2 گۆڵی کردووە.
 
ریال مەدرید لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هەمیشە چاوی لەو بەهرەمەندانە بووە کە لەسەر ئاستی جیهان ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکەن و ژمارەیەکی زۆریشیان گرێبەستیان لەگەڵ کراوە، یان لە تیپی دووەمی یانەکەدا یارییانکردووە، یانیش بەخواستن روویانکردووەتە یانەیەکی دیکە بۆ ئەوەی دواتر سوود بە یانەی شاهانە بگەیێنن.
 
بەرپرسانی ریال مەدرید لە کاتێکدا بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ براکەی بێلینگهام دەکەنەوە، پێیاوانە جود دەتوانێت رۆڵێکی گەورەی هەبێت لە دروستکردنی براکەیدا بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببێتە ئەستێرەیەکی یانە مەدریدییەکە.