بەرەبەیانی سبەی ئەرجەنتین و بەرازیل یارییان هەیە

رووداو دیجیتاڵ

 

لە گەڕی چوارەمی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، چاوەکان جارێکی دیکە لەسەر دوو زەبەلاحەکەی کیشوەرەکە دەبن بۆ بەدەستهێنانی بردنەوەیەکی دیکە و درێژەدان بە پێشەنگایەتی کۆی کیشوەرەکە لە پاڵاوتنەکاندا.
 
ئۆرۆگوای لە یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی بەرازیل دەبێتەوە و ئەرجەنتینیش لە هەنگاوێکی دیکەدا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی داهاتوو، لە پێرو دەبێت.
 
بەرازیل کە تاوەکو ئێستا سێبەری سکانداڵی سێ لە یاریزانەکانی پێش یاریی پێشووی بەرامبەر ڤێنزوێلا زاڵە بەسەریدا، پێویستی بەوە هەیە درێژە بە گرێکوێرەی بیست و دوو ساڵ بدات کە رێگەی نەداوە بەرامبەر ئۆرۆگوای شکست بهێنێت.
 
بەرازیل جارێکی دیکە بەتێکەڵەیەک لە ئەستێرەی بەهرەمەند و خاوەن ئەزموون، لەگەڵ یاریزانانی لاوی دەرکەوتوو لەسەر گۆڕەپانی ئەوروپا، لە مۆنتیڤیدۆ هەوڵدەدات پێنجەم بردنەوەی لەسەریەک بەسەر ئۆرۆگوایدا بەدەست بهێنێت.
 
مارکینیۆس یاریزانی هەڵبژاردەی بەرازیل، گوتی "رۆژانە مەشقدەکەین بۆ ئەوەی زیاتر هەست بەدڵنیایی بکەین و بزانین دەبێ لە یاریگەدا چی بکەین. ئەگەر هەڵەیەکمان کردبێت، ئەوە بێگومان دەبێ چاکی بکەینەوە و پێموایە هەمووان هەڵە دەکەن، تەنانەت یاریزانە ئەزمووندارەکانیش، کاتێکیش یاریزانێکی لاو هەڵەیەک دەکات، ئەرکی ئێمەی یاریزانانی بەئەزموونە هاوکارییان بکەین بۆ ئەوەی هەمووان هەست بەدڵنیایی بکەن و ئاستی باش لە یاریگەدا پێشان بدەن".
 
ئۆرۆگوای لە ساڵی 2001ەوە هیچ یارییەکی لە بەرازیل نەبردووەتەوە، لە پاڵاوتنەکانی ئەمجارەشدا، هەڵبژاردەکە سەرەتایەکی شەرمنانەی هەبوو، کاتێک لە سێ یارییدا تەنیا یەک سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لە گەڕی پێشوودا لەگەڵ کۆڵۆمبیا یەکسانبوو.
 
لای خۆیەوە ئەرجەنتین دەیەوێت درێژە بەئاستە بەرز و نمایشە سەرنجڕاکێشەکانی بدات، لە دوای مۆندیالی قەتەرەوە، کاتێک رووبەڕووی پێرو دەبێتەوە. ئەرجەنتینییەکان بەدوای چوارەم بردنەوەی لەسەریەک لە پاڵاوتنەکاندا دەگەڕێن، پاش بردنەوەیان لە هەریەکە لە ئیکوادۆر، بۆلیڤیا و  پاراگوای.
 
بۆ ئەرجەنتینییەکان مایەی دڵخۆشی دەبێت ئەگەر کاپتن و ئیلهامبەخشەکەیان کە لیۆنێل مێسییە، پاش چاکبوونەوەی لە پێکانەکەی، ئەمشەو جارێکی دیکە نیشانەی کاپتنییەکە ببەستێتەوە و هاوکاری تانگۆ بێت بۆ بردنەوەیەکی دیکە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەس لای روون نییە، ئاخۆ مێسی لەسەرەتاوە یارییدەکات یان وەک یاریی پێشوو، لە گێمی دووەمدا بەشداریی دەکات.
 
ئەرجەنتین بەربژێری سەرەکییە بۆ بردنەوەی یارییەکە و پاڵنەری گەورەی ئەوەیە کە لە پێشەنگی پاڵاوتنەکان بمێنێتەوە و سوودی زۆر لەسەرەتای خراپی پیرۆ لە پاڵاوتنەکان وەربگرێت کە تاوەکو ئێستا لە سێ یاریدا، هیچ سەرکەوتنێکی بەدەستنەهێناوە.