سوورییەکان لە هەولێر ئاهەنگیان گێڕا

17-10-2023
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن پاڵەوانێتیی بادمنتۆنی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا هەولێر
A+ A-
رووداو هەولێر 

دوای شەش رۆژ لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتیی بادمنتۆنی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا لە هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە یارییەکان کۆتاییانهات و هەڵبژاردەی سووریا توانی نازناوەکە بباتەوە.
 
یەکەمجارە عێراق میوانداری ئەم پاڵەوانێتییە دەکات، شەش هەڵبژاردە بەشدارییانکردبوو، یارییەکانیش 6 رۆژیان خایاند، ئاستبەرزی کوڕان و کچانی سوریا دیمەنی باڵکێشی رکابەرییەکە بوو، سوریا بەبردنەوەی میدالیا زێڕەکانی ئاستی پازدە ساڵ و حەڤدە ساڵ توانی نازناوەکە بباتەوە، هەڵبژاردەی ئوردن لە پلەی دووەم میدالیای زیوی وەرگرت، هەڵبژاردەی عێراقیش لە پلەی سێیەم میدالیای بڕۆنزی بەرکەوت. 
 
ویسام ئەحمەد، راهێنەری هەڵبژاردەی سووریا بە رووداو راگەیاند "ئێمە ماوەی نۆ مانگە خۆمان بۆ ئەم پاڵەوانێتییە ئامادە دەکەین و دەمێک بوو ئاواتمان بردنەوەی میدالیای زێڕ بوو، بەبێ دابڕان رۆژانە یاریزانانمان لە نێو راهێنان دابوون".
 
کێبرکێی رۆژئاوای ئاسیا لە هەولێر بە چاودێری17 ناوبژیوان بەڕێوەچوو 3 ناوبژیوانی کورد بۆ یەکەمجار توانیان پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی بەڕێوەببەن. 
 
محەممەد ئازاد، کە یەکێک بوو لە ناوبژیوانانی کوردی پاڵەوانێتییەکە بۆ رووداو، گوتی "زۆر هەست بە شانازی دەکەم کە بۆ یەکەمجارە پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتی بەڕێودەبەم، دەستخۆشی لە یەکێتیی بادمنتۆنی عێراق دەکەم کە من وەک بەربژێری ئەوانم بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ". 
 
لە پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیادا، 86 یاریزان بەشداربوون، هەڵبژاردەی عێراق بە 19 یاریزان بەشداریکردبوو کە 9 کوردبوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە