رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردنەکانی یانەکانی باشووری کوردستان دەستیانپێکرد، لە یەکەم رۆژی هەڵبژاردنەکاندا یانەی ئافرەتانی هەولێر متمانەی بە رازاو کەریم دایەوە و بە سەرۆکی یانەکە دەستنیشانکرایەوە.
هەڵبژاردنەکانی یانەی ئافرەتانی هەولێر لەنێو هۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی وەرزش ئەنجامدران، لە هەڵبژاردنەکەدا 61 ئەندامی یانەکە بەشدارییانکرد و رازاو کەریم، بە کۆکردنەوەی 57 دەنگ متمانەی ئەندامانی یانەکەی بەدەستهێنیاەوە و جارێکی دیکە وەک سەرۆکی یانەکە دەستنیشانکرایەوە.
ئەلس ئەیووب بە کۆکردنەوەی 39 دەنگ وەک جێگری سەرۆکی یانەکە دەستنیشانکرا، بێگەرد ئیبراهیم پۆستی سکرتێری یانەکەی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی 57 دەنگی کۆکردەوە، شەهلا حەسەن بە 37 دەنگ بووە ئەمینداری دارایی یانەکە و شەیدا غالبیش بە 39 دەنگ وەک ئەندامی یانەکە هەڵبژێردرا.
رازاو کەریم لەبارەی دەستنیشانکردنەوەی وەک سەرۆکی یانەکە گوتی "هەڵبژاردنەوەم بە سەرۆکی یانەکە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە لە ماوەی رابردوودا کاری باشمکردووە و ئەوەی ئێستا کار نەکات ناتوانێت متمانەی یانەکەی بەدەستبهێنێت، زۆر دڵخۆشم بۆ ئەوەی کە بۆ جاری دووەم وەک سەرۆکی یانەکە دەستنیشانکرام."
لەلایەن خۆیەوە بێگەردا ئیبراهیم بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " پلانی نوێمان ئەوەیە لە خولی فۆتساڵدا یاریی بکەین و خزمەتی هەموو تیپەکان بکەین، بۆ ئەوەش هەوڵدەدەین سپۆنسەر بۆ هەموو تیپەکان بدۆزینەوە و کاری باشتربکەین کە پێشتر نەکراوە."
بێگەرد ئیبراهیم دەڵێت " یاریزان و راهێنەران زۆر پشتگوێخراون و شایستەی ئەوەن خزمەتی زیاتریان بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ