سانتۆس گرێبەستی رۆبینیۆی هەڵوەشاندەوە

17-10-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رۆبینیۆ یانەی سانتۆس
A+ A-

رووداو دیجیتال

یانەی سانتۆسی بەرازیلی رایگەیاند، ئەو گرێبەستەی هەڵوەشاندەوە کە بەر لە چەند رۆژێک لەگەڵ رۆبینیۆی ئەستێرەی بەرازیلی کردبوو، بۆ ئەوەی وەرزێک یاری بۆ بکات.

رۆبینیۆ کە یەکێکە لە ئەستێرە ناسراوەکانی مێژووی تۆپی پێی بەرازیل و بۆ یانەکانی ریال مەدریدی ئیسپانی، مانچێستەر سیتی ئینگلیزی و میلانی ئیتالی یاریکردووە، لە هەنگاوێکی نامۆدا بۆ چوارەمجار گەڕایەوە ریزەکانی سانتۆس، بەڵام ئەمجارە بەرامبەر مووچەیەکی زۆر کەم، کە تەنیا 230 یۆرۆی مانگانە بوو.

سەرەتا ئەم هەواڵە هەمووانی تووشی شۆککرد و پرسیار ئەوەبوو کە چۆن یەکێک لە ئەستێرە ناسراوەکانی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل بەم مووچە کەمە رازی دەبێت؟ تەنانەت هەندێک لە هەوادارانی لێی تووڕەبوون و بەوە تۆمەتباریان کرد کە سووکایەتی بە مێژووی خۆی دەکات، بەڵام دواتر دەرکەوت کە گەڕانەوەی رۆبینیۆ بۆ سانتۆس بەو مووچە بچووکە بە مەبەستی یاریکردن نییە، بەڵکو تەنیا لەپێناو راکردنە لە زیندان، چونکە لە ساڵی 2017 دادگای ئیتالیا سزای 9 ساڵ زیندانی بەسەر رۆبینیۆدا سەپاندووە، بە تۆمەتی بەشداریکردنی لە دەستدرێژیکردنێکی سێکسیی بەکۆمەڵ لە یانەیەکی شەوانەدا لە ساڵی 2013 ئەوکاتەی یاریزانی یانەی میلانی ئیتالی بوو، بەڵام هێشتا ئەو سزایە بەسەریدا جێبەجێنەکراوە.

گوشارەکانی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کارگێڕی سانتۆسیان ناچارکرد، گرێبەستە نوێیەکەی رۆبینیۆ هەڵوەشێنێتەوە و لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستەی راگەیاند.

سانتۆس لەو بڵاوکراوەیەدا دەڵێت "باشترە رۆبینیۆ بایەخ بە کەیسەکەی بدات، کە لە ئیتالیا بە دەستدرێژیی سێکسی تۆمەتبارکراوە".

رۆبینیۆی تەمەن 36 ساڵان، لە یەکەم لێدوانیدا لەدوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لە لایەن سانتۆسەوە نیگەرانی خۆی نیشاندا و گوتی "داوای لێبوردن دەکەم ئەگەر هەستی کەسم بریندارکردبێت". هەروەها دووپاتیشیکردەوە کە ئەو بێبەرییە لەو تۆمەتە و گوتی "رۆیشتنم باشترە، بەدڵنیاییەوە بۆ هەموو لایەک و بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێم دەیسەلمێنم کە من بێگوناحم".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە