سەرۆکی لالیگا داوای سزادانی مانچێستەر سیتی دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا پرێمەرلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خاڤیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا، باسی لە ئەگەری سزادانی یانەی مانچێستەر سیتی کردووە لەلایەن دەستەی سەرپەرشتیاری پرێمەرلیگ و دەڵێ نابێ دەستەکە بترسێت.
 
مانچێستەر سیتی، 115 تۆمەتی پێشێلکاریی یاسا داراییەکانی پرێمەرلیگی دراوەتە پاڵ و لیژنەیەکی سەربەخۆ لە دوێنێوە دەستی بەلێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکان کردووە.
 
میدیاکان دەڵێن ئەگەر مان سیتی تۆمەتەکانی بەسەردا ساخ ببێتەوە، لەبەردەم ئەگەرێکی گەورەی سزادانی جیاوازدایە، لە خاڵ شکاندنەوە تاوەکو پێبژاردن و تەنانەت دابەزاندن لە پرێمەرلیگ.
 
لیژنەی لێکۆڵینەوەکە ماوەی دە هەفتە لە وردەکاریی تۆمەتەکانی سەر سیتی دەکۆڵێتەوە.
 
تێباس لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتوویەتی، "نابێ دەستەی پرێمەرلیگ خۆیان بەدەست گوشارەکانەوە بدەن، نابێ جیاوازی لە نێوان یانەی گەورە و یانەی بچووکدا بکرێت، یانەی گرنگ و یانەی ناگرنگ، مانچێستەر سیتی دەبێ سزای شایستەی خۆی وەربگرێت، ئەگەر ئەوە نەکەن، دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی رکابەرییەکانمان بەدەستەوە نامێنێت".
 
سیتی هەروەها هەڕەشەی لێسەندنەوەی ئەو نازناوانەی هەیە کە لە ساڵانی رابردوودا بەدەستیهێناون، ئەگەر تۆمەتەکانی بەسەردا ساخ ببنەوە.
 
تێباس دەڵێ، "هەموو شتێک لەسەر دۆسییەکە نازانم، بەڵام دەزانم کە بابەتەکە پەیوەندی بە مانچێستەر سیتی و یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپاوە هەیە، نابێ لەبیرمان بچێت کە یۆفا خۆیان پێشتر یانەیان سزاداوە بەدوورخستنەوە لە چامپیۆنزلیگ، لە دۆسێی هاوشێوەدا".
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "بێتاوانکردنیان وەکئەوەی پێشتر لە دادگای کاس روویدا، بڕیارێکی مشتومڕ هەڵگربوو، بەبڕوای من یەکێکە لە گەورەترین شکستەکانی مێژووی دادگای کاس، چونکە یۆفا گوتی دەبێ ئەوان سزا بدرێن، کەچی بینیمان بێتاوان کران".
 
پێشبینیدەکرێت لەسەرەتای ساڵی داهاتوودا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسێی تۆمەتبارکردنی مانچێستەر سیتی، ئاشکرا ببن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە