ڤیدیۆ؛ پەیامی تەڵاڵ بلووشی لە رووداوەوە بۆ هاندەرانی زاخۆ

 
رووداو دیجیتاڵ

تەڵاڵ بلووشی، راهێنەری یانەی زاخۆ لە کەرنەڤاڵی ناساندنی تیپی تۆپی پێی یانەکەدا بۆ وەرزی نوێ قسە بۆ رووداو دەکات و باس لە دوایین ئامادەکارییەکانی یانەکە بۆ وەرزی نوێ دەکات.
 
لە رێوڕەسمەکەدا، هاندەران بە لێشاو دەچنە لای راهێنەرە قەتەرییەکەی یانەی زاخۆ و وێنەی لەگەڵ دەگرن و ئەویش سڵاو لە هاندەران دەکات.
 
تەڵاڵ بلووشی قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی "بە دڵنیاییەوە ئامادەکارییەکان زۆرباشن، سوپاسی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەکەم، سوپاسی سەرۆکی یانەی زاخۆ و دەستەی کارگێڕی دەکەم، هەرچیمان داواکرد بۆیان جێبەجێکردین، کەمپی مەشق و گواستنەوەی یاریزانان، سوپاسی هاندەرن دەکەم بۆ ئەو جۆش و خرۆشەی پێشانیاندا، زاخۆ ماڵباتی ئێمەن، خێزانە گەورەکەیە، پەنا بەخوا ئەنجامی باشترمان هەبێت لەوەی وەرزی رابردوو هەبوو، چونکە ئەم هاندەرانە شایەنی دڵخۆشییە، هەمیشە هاندەرانی زاخۆ ژمارە یەکن." 
 
راهێنەری یانەی زاخۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "خولی عێراق خولێکی بەهێزە، خولێکی پێشکەوتووە، هەمووان دەتوان رکابەری بکەن لەسەر نازناوەکان، پەنا بەخوا هەوڵ دەدەین ئەنجامێکی باشمان هەبێت و باشتر لە ساڵی رابردوو و وەرزێک بێت شایەنی ناوی زاخۆ و هاندەرانی بێت."
 
یانەی زاخۆ، بۆ رکابەرییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئامادەکارییەکی زۆری کردووە، ماوەی رابردوو یانەکە کەمپێکی مەشق و راهێنانی لە تورکیا ئەنجامدا و چەند یارییەکی دۆستانەی کرد، یاریزانانی یانەکە و دەستەی کارگێڕی بەجیا قسەیان بۆ رووداو کردبوو و هەمووان لە ئەنجامدانی ئەو کەمپە رازین.