ئەمڕۆ تیروپشکی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەنجامدەدرێت


رووداو هەولێر 

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە کاژێر 18:00 لە مەراسیمێکی تایبەت لەنێو بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، تیروپشکی یارییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەنجامدەدرێت. 
 
رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی هەریەک لە سەرۆک و ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و نوێنەری یانە بەشدارەکانی خولەکە، لەگەڵ نوێنەرانی دەستەی لالیگای ئیسپانی، کە دووەم وەرزە هاوکاریی عێراق لە بەڕێوەچوونی یارییەکانی خولی ئەستێرەکان دەکەن، بەڕێوەدەچێت. 
 
حوسێن خوراسانی، بەرپرسی ژووری میدیایی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند" ئامادەکارییەکی زۆر بۆ رێوڕەسمەکە کراوە، جیا لە راکێشانی تیروپشکی یارییەکانی خولەکە، تۆپی تایبەتی خولەکە، لەگەڵ درێسی ناوبژیوانان نمایشدەکرێت لەگەڵ چەندین بڕگەی جوان و سەرنجراکێش". 
 
بڕیارە یارییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق رۆژی 20ی ئەم مانگە بە سازکردنی ئاهەنگێکی گەورە لە یاریگەی دهۆک دەستپێبکات. 
 
خوراسانی زیاتر روونیکردەوە "ئەمساڵ هەموو یانەکان، لە شوێنی خۆیانەوە و لە رێگای کلیکێک و کۆدێکی تایبەتەوە، دەزانن یارییەکانیان چ رۆژ و کاتێکە، تەنانەت دەزانن چ رۆژێک یاری ناکەن بەهۆی بۆنە ئاینییەکان یان رۆژی فیفا واتە هەموو کارەکان دەبنە ئەلیکترۆنی". 
 
لە وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق چوار یانەی کوردستانی کە بریتین لە هەولێر، نەورۆز، دهۆک و زاخۆ بەشدارن. 
 
دێسکی وەرزشی رووداو، جیا لە گواستنەوەی راستەوخۆی رێوڕەسمی تیروپشکی خولەکە، رووماڵ و شرۆڤەی تایبەت بۆ یارییەکانی خولەکە لە کاژێر 18:00 لە رادیۆ و پەیجی رووداو سپۆرتس دەکات.