مۆندیالی یانەکان، خەونی گەورەی فیفا و ناڕەزایەتیی یانەکان


رووداو دیجیتاڵ

هەرچەندە تەنیا نۆ مانگ ماوە، بۆ دەستپێکردنی ڤێرژنی نوێی مۆندیالی یانەکان، کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی رێکیدەخات، بەڵام هێشتا ناڕەزایەتی و رەتکردنەوەی تووند بەرۆکی ئەو پاڵەوانێتییەی گرتووە و هێشتا مشتومڕی زۆر لەبارەی پێویستیی پاڵەوانێتییەکەوە لە ئارادایە.
 
فیفا هەفتەی پێشوو، لۆگۆی فەرمیی پاڵەوانێتییەکەی ئاشکراکرد، کە تێیدا لە هاوینی داهاتوو 32 یانە لەسەرانسەری جیهاندا بەشداری لە پاڵەوانێتییەکە دەکەن و ماوەی چوار هەفتە دەخایەنێت و لەسەر خاکی ئەمریکا دەکرێت، وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ ئامادەیی ئەو وڵاتە لەپێناو میوانداریکردنی مۆندیالی 2026.
 
ئەگەرچی فیفا لۆگۆی پاڵەوانێتییەکەی ئاشکراکردووە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەبارەی مۆندیالەکە و یاریگەکانەوە رانەگەیاندووە، ئەمەش وایکردووە یانە بەشدارەکان و هاندەرەکانیان هێشتا بەرچاویان روون نەبێت لەوەی دەچنە کام شار و تیپەکانیان لەکام ویلایەت یارییدەکات.
 
جیا لەوەش، هێشتا مۆندیالەکە لە رووی یاساییەوە کێشەی زۆری هەیە، پاڵەوانێتییەکە لە کێشەی یاساییدایە لەگەڵ 'سەندیکای نێودەوڵەتی یاریزانانی تۆپی پێ' کە بە فیفپڕۆ ناسراوە، هەروەها لەگەڵ کۆمەڵەی خولەکانی ئەوروپا هەیە کە 39 خولی 33 دەوڵەتی ئەوروپا دەگرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەو دوو لایەنە پێیانوایە فیفا مۆنۆپۆڵی خۆی بەسەر پاڵەوانێتییەکەدا سەپاندووە، لە کاتێکدا فیفا ئەو دوو لایەنە بە 'دووڕوویی' تۆمەتبار دەکات.
 
لەماوەی رابردوودا، چەندین یاریزان و راهێنەری دیار، لەنێویاندا جۆسیپ گواردیۆلای ئیسپانی و کارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی و ئێرلینگ هالاند و کیڤن دیبرۆین و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی ترسی خۆیان لەوە دەبڕی کە پاڵەوانێتییەکە دەبێتە ماندووبوونی زۆری یاریزانان لە رووی مێشک و جەستەوە.
 
مۆندیالی یانەکان چییە؟
 
ئەم وەشانە نوێیەی مۆندیالی یانەکان لە هاوینی داهاتوودا، بیرۆکەی جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی ئێستای فیفایە، ئەو یەکەمجار لە ساڵی 2016 باسی لەبیرۆکەی مۆندیالی یانەکان کرد بەبەشداری 32 یانە.
 
پێشتر لە ماوەی نێوان 1960 تاوەکو 2004 تەنیا پاڵەوانانی ئەمریکای باشوور و ئەوروپا بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوی جامی ئینتەرکۆنتێنتال رووبەڕووی یەکدەبوونەوە، بەڵام دواتر ئەو بیرۆکەیە گەشەی کرد و بەشداریی هەر شەش کیشوەرەکەی تێدا جێکرایەوە کە پاڵەوانانی کیشوەرەکانی دەگرتەوە.
 
ساڵی 2005 ڤێرژنە نوێیەکە بەبەشداری پاڵەوانی شەش کیشوەر و نوێنەری وڵاتی رێکخەری مۆندیالەکە دەستیپێکرد.
 
پێشتر فیفا پلانی وابوو کە پاڵەوانێتییە فراوانەکەی مۆندیالی یانەکان لە 2021 بەبەشداری 24 یانە لە چین دەستپێبکات، بەڵام پەتای کۆرۆنا پلانەکەی دواخست و لە ساڵی 2023دا، ئەو رێکخراوە رایگەیاند کە 32 تیپ بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا دەکەن و لە ئەمریکا ئەنجامدەدرێت لە ماوەی چوار هەفتەدا.
 
ئەوکات ئینفانتینۆ گوتی، "32 یانە لە باشترینەکانی جیهان لە ئەمریکا رکابەریی لەسەر نازناوەکە دەکەن و تەنیا یەکێکیان دەبێتە پاڵەوان".
 
تیپە رکابەرەکان کێن؟
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا 12 نوێنەری لە مۆندیالەکەدا دەبێت، لە نێویاندا ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی، ئەمە جیا لە شەش یانەی ئەمریکای باشوور، لە کاتێکدا هەریەکە لە ئاسیا و ئەفریقیا و ئەمریکای باکوور و ناوەڕاست هەریەکەیان چوار نوێنەریان دەبێت و ئۆقیانیا نوێنەریک و دوایین کورسیش بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت، وەک وڵاتی رێکخەر.
 
لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا، کورسییەکانی مۆندیالەکە دەدرێتە ئەو یانانەی پاڵەوانی کیشوەرەکەن لە ساڵانی رابردوودا، بەڵام یۆفا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور، بڕیاریانداوە بەپشتبەستن بەریزبەندیی چوار ساڵی رابردوو، تیپە سەرکەوتووەکان دیاریی بکەن و لەسەر ئەو بنەمایەش یانەی سالزبۆرگی نەمساوی، یەکێک لە دوانزە کورسییەکەی ئەوروپا بۆ مۆندیالی یانەکان دەبات.
 
سەرکەوتن بۆ مۆندیالەکە، پشت بە ئەنجامەکانی رابردوو دەبەستێت نەک قەبارە و ناوی یانەکە، هەرلەبەرئەوەش یانەکانی وەک مانچێستەر یونایتد، لیڤەرپوول و بارسێلۆنا نەگەیشتنە مۆندیالەکە. هەرچی ئەوروپایە لە هەر خولێک تەنیا دوو یانە دەتوانن بەشداری بکەن، ئەگەر دوایین سێ براوەی چامپیۆنزلیگ، لە تیپەکانی یەک وڵات نەبن.
 
بۆچی زۆرینە لە دژی مۆندیالەکەن؟
 
تاوەکو ئیستا سەرۆک و خاوەنی یانەکان هیچیان لەبارەی مۆندیالە نوێیەکەی یانەکانەوە نەگوتووە، بەڵام راهێنەران و یاریزانان و فیدراسیۆنەکانی تۆپی پێ و سەندیکای یاریزانانی پیشەگەر کە بە فیفپرۆ ناسراوە، هەروەها دەستەی یاریزانە پیشەگەرەکانی ئینگلتەرا، هەمووان ترسی خۆیان لەبارەی زیادبوونی گوشار لەسەر یاریزانان دەربڕیوە.
 
ئەگەر بگاتە یاریی کۆتایی مۆندیالی یانەکان لە هاوینی داهاتوودا، یانەی مانچێستەر سیتی کۆی 75 یاریی لە وەرزەکەدا دەکات. بەوەش وەرزەکە تاوەکو 13ی مانگی حەوتی ساڵی داهاتوو کۆتایی نایەت، لە کاتێکدا وەرزی دواتر لە رۆژی 10ی هەشتدا دەستپێدەکات، بەوەش یاریزانانی یانەکە، راهێنەر و دەستەی تیپەکە تەنیا یەک مانگی رێکیان هەیە لە نێوان کۆتایی هاتنی وەرزێک و دەستپێکردنی وەرزێکی نوێ، ئەوەش ماوەیەکی زۆر کەم بۆ پشوودان بەیاریزانان لە یانەکە دەهێڵێتەوە.
 
هەر یاریزانێک مافی خۆیەتی لە پشووی هاوینەدا سێ هەفتە پشوو وەربگرێت بەلانیکەمەوە، لەبەرئەوە گوشاری یارییەکان لەسەر یاریزانانی تیپە گەورەکان، بەتایبەت یانەکانی ئەوروپا زۆر گەورە دەبێت. هەندێک سەرچاوە بۆ تۆڕی 'ئی ئێسی پی ئێن'یان گوتووە، خولی ئینگلیزی زۆر دوودڵن لە ئەنجامدانی مۆندیالی یانەکان لە هاویندا،ئەمەش لەبەرئەوەی کاتی دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە، پێشتر کاتێک بوو تایبەتکرابوو بە یارییە نێودەوڵەتییەکانی هەڵبژاردەکان.
 
پاڵەوانێتییەکی گەشەکردوو
 
فیفا دەڵێت، پاڵەوانێتییەکە دەستەبەری گەورەی سەرچاوە داراییەکان بۆ یانەکان و خولەکان دەکات لە دەرەوەی بازاڕی ئەورووپا، کە لە بنەمادا خۆی زۆر بەهێزە. بۆچوونێک هەیە کە پێیوایە وەشانی یەکەمی مۆندیالەکە، جیاوازیی گەورە لە نێوان یانەکاندا دەردەخات، چونکە بۆی هەیە ئۆکلاند سیتی نیوزیلەندی بخاتە بەرامبەر ریال مەدریدی ئیسپانی، بەڵام فیفا پێیوایە مۆندیالی یانەکان پاڵەوانێتییەکە کە لەداهاتووی نزیکدا گەشە دەکات و بەرەو پێشدەچێت و دەبێتە جێگەی سەرنجی هەموو جیهان، هاوشێوەی ئەو سەرنجەی لەسەر مۆندیالی هەڵبژاردەکان هەیە.
 
لە کاتێکدا کە یاریزانان و راهێنەران ترسی خۆیان لە پاڵەوانێتییەکە بەئاشکرا دەربڕیوە، خاوەنی یانەکان بەهۆی قازانجی پاڵەوانێتییەکەوە دڵخۆشن. سەرچاوەکان دەڵێن پێشبینیکراوە خەڵاتی تیپە باشەکان لە مۆندیالە نوێیەکەی یانەکاندا بگاتە نزیکەی 100 ملیۆن یۆرۆ و ئەو پارەیە بەراورد بەو پارەیەی کە ریال مەدرید وەرزی رابردوو بەهۆی بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگەوە بەدەستیهێنا کە 131 ملیۆن بوو بۆ وەرزێکی دوورودرێژ، پارەیەکی زۆر باشە، لە کاتێکدا مۆندیالەکە تەنیا یەک مانگ دەخایەنێت.
 
 
تاوەکو ئێستا چی روون نەبووەتەوە؟
 
ناڕوونیی لە هەندێک وردەکاریی زۆر گرنگ لەبارەی پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکەی فیفاوە، وایکردووە تاوەکو ئێستا هەندێک لایەن بەگومانەوە لە کۆی ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکە بڕوانن.
 
بەشێوەیەکی گشتی، ئەو پاڵەوانێتییانەی یانە و تیپە گەورەکان بەشداریی تێدا دەکەن، زۆر پێش وادەی بەڕێوەچوونی هەموو وردەکارییەک لەبارەیانەوە رووندەکرێتەوە.
 
مۆندیالی یانەکان تاوەکو ئێستا لۆگۆکەی ئاشکراکراوە و ژمارەی زۆری تیپە سەرکەوتووەکان روونە، تەنانەت گۆرانیی پاڵەوانێتییەکە ئامادەیە، بەڵام هێشتا دیار نییە کەی تیروپشکی پاڵەوانێتییەکە ئەنجامدەدرێت و ئەو شارانەی یارییەکانیان تێدا دەکرێن کامانەن؟
 
سەرچاوەکان دەڵێن پلانی سەرەکیی ئەوەیە کە پاڵەوانێتییەکە لەو شارانەی ئەمریکا بکرێن کە دەکەونە سەر کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، ئەوەش لەبەرئەوەی ئەو شارانە گونجاوترن لە رووی کاتەوە بۆ بینەر و کەناڵە گوێزەرەوەکانی پاڵەوانێتییەکە بۆ ئەوروپا. جیا لەوەش بڕیارە جامی کۆنکاکاف لە بەشی کەناراوەکانی رۆژئاوای ئەمریکا لە نێوان 14ی شەش تاوەکو 6ی حەوتی ساڵی داهاتوو ئەنجامدەدرێت.
 
بابەتی گواستنەوەی یارییەکانیش لە تەلەڤزیۆن هێشتا مشتومڕهەڵگرە. فیفا ساڵی رابردوو ئاشکرایکرد زیادکردنی ئاشکرای بۆ مافی پەخشی تەلەڤزیۆنیی مۆندیالەکە کردووەتەوە، بەڵام دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیای ئەپڵ بۆ ئەو کارە راگیرا، پاشئەوەی فیفا داوای چوار ملیار دۆلاری کرد و ئەپڵیش رازیبوو تەنیا یەک ملیار دۆلار بدات.
 
 
 ناڕەزایەتییەکان بەکوێ دەگەن؟
 
ئەگەرچی زۆرینەی یاریزانان هیواخوازن پاڵەوانێتییەکە هەڵبوەشێتەوە، بەڵام فیفا سوورە لەسەر ئەنجامدانی و ئەوەش ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی زۆر لاواز دەکات.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، ئەو رێوشوێنە یاساییانەی فیفپرۆ و دەستەی یاریزانانی پیشەگەر گرتوویەتیە بەر هەڕەشەیە لەسەر پاڵەوانێتییەکە. ماهیتا مۆلانگۆ، سەرۆکی جێبەجێکاری یاریزانانی پیشەگەر گوتوویەتی، "بەهیچ شێوەیەک ئەگەر چوونە نێو مانگرتنی سەرانسەریی یاریزانان دوور نییە، ئەگەر دڵنیایی نەدرێت لەوەی یاریزانان تووشی شەکەتی نابن".
 
ئەلیکساندەر بیلیفیلف، بەڕێوەبەری سیاسەتی جیهانی و پەیوەندییەکان لە یەکێتیی یاریزانانی پیشەگەر دەڵێ، هیچ کات هێندەی ئێستا جیاوازی و ناکۆکی قووڵ لە نێوان دانەرانی پاڵەوانێتییەکان و یاریزاناندا گەورە نەبووە. ئەو ئاماژەی بەوەداوە کە یاریزانی پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا ناوەندی بەشدارییان لە وەرزێکدا بۆ 80 یاریی زیاد دەکات، لەبەرئەوە بەئەگەری زۆرەوە مۆندیالەکەی فیفا رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە.
 
لەنێوان چێژی هاندەران، ویستی خاوەن یانەکان و ناڕەزایەتیی یاریزانان و راهێنەراندا، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی مۆندیالەکە، تەنیا چەند هەفتەی کەمی داهاتووە، چونکە ئیدی فیفا دەبێ هەموو وردەکارییەک لەبارەی پاڵەوانێتییەکەوە ئاشکرا بکات.