تایبەت بە رووداو.. لە کەرکووکەوە بۆ یەکێک لە گەورەترین یانەکانی ئەورووپا

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
رەیان دەمیرجی
رەیان دەمیرجی
نیشانەکردن رەیان دەمیرجی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریزانێکی کورد پەیوەندی بە ریزەکانی یەکێک لە بەنێوبانگترین یانەکانی ئەورووپاوە دەکات و ئەمڕۆ گرێبەستەکەی رادەگەیێنرێت.
 
رەیان دەمیرجی، یاریزانێکی لاوی کوردە، خەڵکی کەرکووکە، ئەمڕۆ بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەست لەگەڵ یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالی دەکات و گواستنەوەی ئەو یاریزانە لەلایەن یانە پۆرتوگالییەکەوە رادەگەیێنرێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ یاریزانەکە کوردەکە کراوە، ئەمڕۆ سێشەممە یانەی پۆرتۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە 16 ساڵە رادەگەیێنێت و بەفەرمی رەیان دەبێتە یاریزانی یانە پۆرتوگالییەکە.
 
دەمیرجی لە هێڵی ناوەڕاست یاری دەکات، یاریزانی یانەی ڤێسترۆسی سوێدییە، لە هەردوو تیپی خوار 15 ساڵان و خوار 16 ساڵانی هەڵبژاردەی سوێد یارییکردووە.
 
ماڵپەری فۆتبووڵ ترانسفێری سوێدی دەڵێت "نرخی یاریزانەکە دەگاتە 1 ملیۆن یۆرۆ و چاوەڕواندەکرێت لە یانەی پۆرتۆ بۆ تیپی خوار 19 ساڵان یاری بکات."
 
بەهۆی ئەو ئاستەبەرزەی یاریزانەکە پێشکێشیدەکات، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هەوڵی گەڕاندنەوەی یاریزانەکە دەدات و دەیەوێت یاریزانەکە بۆ هەڵبژاردەی عێراق یاری بکات.
 
یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالی، یەکێک لە بەنێوبانگترین یانەکانی پۆرتوگال و ئەورووپایە، یانەکە ساڵی 2004 نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای بەدەستهێناوە و ئەم وەرزەش لە رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگدا بەشدارە، بە پەیوەندیکردنی بە یانەکە یاریزانە کوردەکە هەلی زۆری دەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە تیپی یەکەم و لە ئاستێکی بەرزتردا یاری بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە