هەواڵی خۆش بۆ بارسێلۆنا بەڕێوەیە

رووداو هەولێر
 
دوای ئەوەی بەر لە چەند رۆژێک لالیگا بەفەرمی بنمیچی مووچەی نوێی بۆ وەرزی ئێستای 2024-2025 ئاشکراکرد، هەواڵی خۆش بە هاندەرانی بارسێلۆنا گەیشت، کە بریتییە لەوەی یانەکە نزیککەوتووەتەوە لە گەڕانەوە بۆ یاسای 1-1 لە یاسای یاریی دارایی خاوێندا.
 
بەپێی لسیتی نوێی بنمیچی مووچەی یانەکانی لالیگا، ریال مەدرید لە پێشەنگی ریزبەندیی یانەکانی خولەکەدایە و جیاوازییەکەی لەگەڵ یانەکانی دیکە زۆرتر کردووە.
 
ریال مەدرید بنمیچی مووچەی خۆی بۆ 754.891 ملیۆن یۆرۆ بەرزکردەوە، کە ریال مەدرید دەتوانێت ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچەی یاریزانانی خەرج بکات، کە پێشتر بنمیچەکە 493.591 ملیۆن یۆرۆ بوو، پێش ئەوەی سوود لە قازانجەکانی دیکە و داهاتی سەرەکی وەربگرێت، کە بریتییە لە 261.303 ملیۆن یۆرۆ.
 
ئەوەی گرنگە و تایبەتە بە بارسێلۆنا، ئەوەیە کە بنمیچی مووچەی خۆی لە 354.402 ملیۆن یۆرۆوە بۆ 426.427 ملیۆن یۆرۆ بەرزکردووەتەوە، دوای ئەوەی سوودمەند بوو لە داهاتە نوێیەکان کە بڕەکەی گەیشتە 72.025 ملیۆن یۆرۆ، بەمەش واتا بارسا نزیکە لە گەڕانەوە بۆ یاسای 1-1 لە یاسای یاریی دارایی خاوێندا، کە ئەگەر ئەوە روویدا یانەکە دەتوانێت کاری باشتر بکات لە مێرکاتۆدا.
 
بارسێلۆنا ئەمساڵ بەسەرکردایەتی هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانی، ئەم وەرزە بە ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و تاوەکو ئێستا هەر 5 یاریی یەکەمی لالیگای بردووەتەوە  و بە 15 خاڵ پێشەنگی لالیگای گرتووە، بۆیە هاندەرانی بەپەرۆشن بۆ ئەوەی دۆخی دارایی یانەکەیان باشتربێت و بتوانن ریزەکانی تیپەکەیان بەهێزتر بکەن.
 
یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە پلەی سێیەم دێت دوای ئەوەی بنمیچی مووچەکەی بۆ 311 ملیۆن یۆرۆ بەرزکردەوە.
 
جگە لە سێ یانەکەی یەکەم، ڤیاریال لە پلەی چوارەمدایە و بە زۆرترین ئاست بنمیچی مووچەکەی بەرزکردووەتەوە، دوای ئەوەی بۆ نزیکەی 136 ملیۆن یۆرۆ بەرزکردەوە، دوای ئەویش یانەی ریال بێتیس لە پلەی پێنجەمدایە، کە بنمیچی مووچەکەی گەیاندووەتە نزیکەی 109 ملیۆن یۆرۆ.
 
یاسا توندەکانی خولی ئیسپانی رێگە نادەن هیچ یانەیەک لە سنووری دیاریکرا زیاتر مووچە بدات، هەر یانەیەک دەتوانێت لە رێگەی فرۆشتن یان قازانجی دیکەوە بنمیچی مووچەکەی بەرز بکاتەوە.