بەرازیل لە دەرگای گواردیۆلا دەدات

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هەڵبژاردەی بەرازیل پێپ گواردیۆلا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل جارێکی دیکە هەوڵەکانی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ راهێنەرێکی بیانی، لەپێناو مەشقدانی هەڵبژاردەکە دەستپێکردووەتەوە. فیدراسیۆنەکە جارێکی دیکە لە دەرگای پێپ گواردیۆلای راهێنەری مانچێستەر سیتی دەداتەوە.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، پێشتر لەدوای کۆتاییهاتنی مۆندیالی 2022ی قەتەر، دانوستاندنی لەگەڵ پێپدا کردووە، بەڵام رەتکردنەوەی کارەکە لەلایەن ئەو راهێنەرەوە، وایکردووە ئەوان دانوستاندن لەگەڵ کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید دەستپێبکەن، بەرلەوەی ئەو راهێنەرە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نوێبکاتەوە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، خراپیی ئاستی هەڵبژاردەی بەرازیل و باشنەبوونی ئەنجامەکان، وایکردووە جارێکی دیکە بەرپرسانی فیدراسیۆنەکە هەوڵی دۆزینەوەی راهێنەرێکی نوێ بۆ هەڵبژاردەکەیان دەستپێبکەنەوە.
 
بەرپرسە بەرازیلییەکان روویان لە پێپ گواردیۆلا کردووەتەوە، بەڵام ئەو راهێنەرە داوای لێکردوون تاوەکو کۆتایی مانگی دووی ساڵی داهاتوو، چاوەڕێی بکەن.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، پێپ داواکەی رەتنەکردووەتەوە، ئەوەش مانای ئەوەیە کە دەکرێ ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەکە.
 
گواردیۆلا لە هاوینی 2025 گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت، ئەگەرچی ئەگەری زۆرە لانیکەم بۆ دوو ساڵی دیکە لە مەشقدانی پاڵەوانی ئینگلتەرا بەردەوام بێت، بەڵام کێشە یاساییەکانی مانچێستەر سیتی و بوونی لێکۆڵینەوە لەسەر یانەکە بەتۆمەتی پێشێلکردنی یاساکانی پرێمەرلیگ، وایکردووە ئەگەری سزادانی تووندی یانەکە لەئارادابێت و ئەوەش پێشهاتێکە، گواردیۆلای لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی، راگرتووە.
 
پێپ گواردیۆلا کە 16 ساڵە کاری راهێنەرایەتی دەکات، پێشتر لەگەڵ هیچ هەڵبژاردەیەک کاری نەکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە