یانەی نەسڕ راهێنەرەکەی دوورخستەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەسڕی سعودی، بەشێوەیەکی فەرمی دوورخستنەوەی لویس کاسترۆ، راهێنەری یانەکەی راگەیاند.
 
یانەی نەسڕ، لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا لەسەر ماڵپەری خۆی دەڵێت "کۆمپانیای یانەی نەسڕ، بەشێوەیەکی فەرمی کۆتایی بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ لویس کاسترۆ، راهێنەری تیپی یەکەمی یانەکە دەهێنێت و هەموو هەوڵەکانی بەرز دەنرخێنین کە لەپێناو یانەکەدا داویەتی و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین."
 
دوورخستنەوەی کاسترۆ لە راهێنەرایەتیکردنی یانەی نەسڕ، لە دوای ئەوە دێت یانەکە لە یەکەم یارییدا لە خولی بژاردەی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لەگەڵ یانەی شورتەی عێراقی یەکسانبوو.
 
بەر لە راگەیاندنی دوورخستنەوەی راهێنەرەکە لە راهێنەرایەتیکردنی یانەی نەسڕ، لویس کاسترۆ لەگەڵ یاریزانانی یانەکە کۆبووەتەوە و ماڵئاوایی لێکردوون.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری پێشووی یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی بەربژێری سەرەکییە بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانەکە و لە چەند کاژێری داهاتوودا چاوەڕواندەکرێت گرێبەستەکەی رابگەیێنرێت.
 
لویس کاسترۆی پۆرتوگالی و تەمەن 63 ساڵ، لە 6-7-2023 بووە راهێنەری یانەی نەسڕ لە 62 یارییدا 44 یاریی لەگەڵ یانەکە بردەوە و تەنیا یەک نازناوی بەدەستهێنا، کە نازناوی جامی شا سەلمان بوو و پاڵەوانێتییەکی دۆستانەیە.