بەهۆی ڤینیسیۆسەوە چاوپێکەوتنی رۆژنامەڤانی لە یاریزانانی ریال مەدرید قەدەخە کرا


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید، بەفەرمانێکی راستەوخۆ، هەموو چاوپێکەوتنێکی لە یاریزانەکانی قەدەخەکردووە.
 
رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید فەرمانی راستەوخۆی بەیاریزانەکانی داوە، کە پێویستە هەر یاریزانێک بەر لەئەنجامدانی چاوپێکەوتنی رۆژنامەڤانی، رەزامەندیی کارگێڕیی یانەکە وەربگرێت.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، بڕیارەکەی پێریز، لە بنەمادا پەیوەندی بەسەپاندنی ئارامی لە نێو تیپەکە و خۆلادان لە پەرتبوونی بیرکردنەوەی یاریزانەکان هەیە بۆ کاری لابەلا و دوور لە تۆپی پێ.
 

بەپێی بڕیارەکە، هیچ یاریزانێک بۆی نییە سەربەخۆ چاوپێکەوتن ئەنجام بدات و لەئەگەری روودانی ئەوەدا، رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.

بڕیارەکەی کارگێڕیی ریال مەدرید، پاش چاوپێکەوتنێکی ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یانەکە هات لە ماوەی رابردوودا، کە مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە.
 
ڤینی لە چاوپێکەوتنەکەدا گوتبوی، "ئەگەر ئیسپانیا خۆی لە رەگەزپەرستی دەرباز نەکات بەر لە 2030، پێویستە جامی جیهانی بگوازرێتەوە شوێنێکی دیکە".
 
بڕیارە ئیسپانیا، بەهاوبەشیی پۆرتوگال و مەغریب، میوانداریی مۆندیالی 2030 بکات وەک دووەم ئەزموونی هاوبەشی نێوان سێ وڵات لە رێکخستنی مۆندیال، پاش مۆندیالی 2026 کە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا پێکەوە میوانداریی دەکەن.
 
پێشتر میدیای ئیسپانی، باسیان لە تووڕەبوونی پێرێز لە لێدوانەکانی ڤینیسیۆس کردبوو، بەتایبەت کە ریال مەدرید ئەمساڵ سەرەتایەکی باشی نییە لە لالیگا و لە کۆی پێنج یاری، تەنیا سێ یاریی بردووەتەوە.
 
وەک میدیاکان ئاماژەیان پێداوە، سەرۆکی ریال مەدرید کاردەکات بۆ ئەوەی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2030 لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجام بدرێت، بەڵام قسەکانی ڤینیسیۆس لەبارەی رەگەزپەرستی لە ئیسپانیا، کێشە بۆ ئەو خەونەی سەرۆکی یانەکە دروستدەکات.