هەولێر بۆ رووداوێکی گرنگی وەرزشی ئامادەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

هەولێر خۆی بۆ رووداوێکی گرنگ ئامادەدەکات، یاریگەی فرانسۆ هەریری بۆ میوانداریکردنی یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا ئامادەیە.
 
ئەمڕۆ یانەی سپاهان ئەسفەهانی ئێرانی، کە یەکێک لە بەنێوبانگترین یانەکانی ئێران و کیشوەری ئاسیایە بۆ ئەنجامدانی یەکەم یارییان لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا گەیشتە هەولێر و بەرامبەر یانەی قوە جەوییەی عێراقی یارییدەکات، کە یانە عێراقییەکە یارییەکانی لە پاڵەوانێتییەکەدا لە یاریگەی هەولێر ئەنجامدەدات.
 
نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی یانە ئێرانییەکە بە فڕۆکەی تایبەت گەیشتە فڕۆکەخانەی هەولێر، دوای ئەوەی لەلایەن یانەی قوە جەوییەوە پێشوازی لە یانەکە کرا، شاندەکە چووە شوێنی مانەوەیان و لەلایەن کۆنسۆڵی گشتیی ئێران لە هەولێر بە گوڵ پێشوازی لە یاریزانان و ستافی راهێنەرانی یانەکە کرا.
 
سپاهان ئەسفەهان ئەمڕۆ ئێوارە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی خۆی لە یاریگەی فرانسۆ هەریری ئەنجامدەدات.
 
ماوەیەکی زۆرە یاریگەی فرانسۆ هەریری بۆ ئەم پاڵەوانێتییە ئامادەدەکرێت، سیستمی ڤار بۆ یەکەمجار لە کوردستان لە یاریگەکەدا دانراوە، 18 هەزار و 500 بلیت بۆ یارییەکە ئامادەکراون و چاوەڕواندەکرێت هەزاران هاندەر لە شارەکانی عێراق و ئێرانەوە بۆ یارییەکە بێنە هەولێر.
 
رۆژی دووشەممە کاژێر 19:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لە یەکەم یاریی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیادا یانەی قوە جەوییە بەرامبەر یانەی سپاهان ئەسفەهان یارییدەکات.