ئاسۆ رۆستەم بۆ یەکلاکردنەوەی داهاتووی خۆی لەگەڵ شورتە دەچێتە بەغدا

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو هەفتەیە یانەی شورتەی عێراقی، پاڵەوانی وەرزی رابردوو ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێ دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستا ئاسۆ رۆستەم، پەیوەندیی بە تیپەکەوە نەکردووە بۆ دەستکردن بە ئامادەکارییەکانی.
 
لە ماوەی رابردوودا و دوای کۆتاییهاتنی وەرزی رابردووی خولی عێراق و بەشداریکردنیان لە جامی شا سەلمان لە سعودیە، دەنگۆی زۆر لەبارەی داهاتووی ئاسۆ رۆستەمەوە بڵاوکرانەوە کە ئەگەری هەیە لە یانەکەی بڕوات و پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات، بەتایبەت کە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی شورتە کۆتاییهاتووە و تاوەکو ئێستا داهاتووی خۆی یەکلانەکردووەتەوە.
 
ئاسۆ رۆستەم، لەلێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ بۆ یەکلاکردنەوەی داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەی شورتە دەچێتە بەغدا و لەگەڵ دەستەی کارگێڕیی یانەکە کۆدەبێتەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داهاتووی خۆی و گەیشتن بە بڕیاری یەکلاکەرەوە.
 
هێرشبەرە کوردەکە زیاتر بە رووداوی گوت "دوای ئەوەی وەرزی رابردوو بەرامبەر 230 ملیۆن دینار پەیوەندیی بە یانەی شورتەوە کرد، بەندێک لە گرێبەستەکەیدا هەیە کە دەتوانێت گرێبەستەکەی بۆ ساڵێکی دیکە نوێبکاتەوە، بەڵام داواکاریی ئەو ئەوەیە کە ناکرێت ئەو پارەیەی یانەکە پێشکێشی دەکات لە گرێبەستی پێشووی کەمتربێت، بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نوێبکاتەوە و پەیوەندی بە تیپەکەوە بکات بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ وەرزی نوێ."
 
ئاسۆ رۆستەم، چەند رۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی بەگەشتێک لە تورکیا بوو، دوای گەڕانەوەی لە گەشتەکەی دەیەوێت بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات و چاوەڕواندەکرێت لەگەڵ یانەی شورتە بگاتە رێککەوتن بۆ بەردەوامبوون لەگەڵ پاڵەوانی عێراق.
 
کۆبوونەوەی ئاسۆ رۆستەم لەگەڵ یانەی شورتە بۆ بڕیاردانی کۆتایی لە کاتێکدایە، کە چەند یانەیەک لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق چاویان لە تواناکانی ئەو یاریزانەیە و لە ئەگەری رێکنەکەوتنیان دەیانەوێت گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرە کوردەکە بکەن.