ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا بێتیسی هاڕی و گەیشتە پێشەنگی لالیگا

17-09-2023
ئیحسان تاهیر
Photo by Josep LAGO / AFP
Photo by Josep LAGO / AFP
نیشانەکردن بارسێلۆنا ریال بێتیس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بارسێلۆنا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و سێ خاڵی گرنگی خستە سەر کۆی خاڵەکانی و خۆی گەیاندە پێشەنگی ریزبەندیی لالیگا، بەشێوەیەکی کاتی.
 
لە گەڕی پێنجەمی خولی ئیسپانیادا، بارسێلۆنا لەسەر یاریگەی ئۆڵیمپیی مۆنتجویک میوانداری ریال بێتیسی کرد و بە ئەنجامی 5-0 لێیبردەوە.
 
جواو فیلیکس لە خولەکی 25 یەکەم گۆڵی بارسێلۆنای لەم یارییەدا و یەکەم گۆڵی خۆی بە درێسی بارساوە تۆمارکرد.
 
دوای تەنیا 7 خولەک رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی گۆڵی دووەمی کەتەلۆنییەکانی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی خاوەن یاریگە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا، بارسا سووربوو لەسەر پێشکێشکردنی ئاستێکی بەرز و بەردەوامبوون لە گۆڵ تۆمارکردن، و فێران تۆرێس لە خولەکی 62 بە لێدانێکی راستەوخۆ گۆڵی سێیەمی بارسێلۆنای تۆمارکرد، کە دوای رۆیشتنی لیۆنێل مێسی لە یانەکە و پاش 867 رۆژ یەکەمجارە بارسێلۆنا بە لێدانی راستەوخۆ گۆڵ بکات.
 
تەنیا 3 خولەک دوای ئەو گۆڵە، نۆرە گەیشتە رافینیای بەرازیلی و گۆڵی چوارەمی بارسا لەسەر تابڵۆی ئەلیکترۆنی یاریگەکە نووسرا.
 
لە خولەکی 82 جواو کانسێلۆش یەکەم گۆڵی خۆی بە درێسی بارساوە تۆمارکرد و یارییەکە 5-0 کۆتاییهات.
 
بەم سەرکەوتنە بارسێلۆنا بە 13 خاڵ بەشێوەیەکی کاتی گەیشتە پێشەنگی ریزبەندیی لالیگا، ریال بێتیسیش 7 خاڵی هەیە و لە پلەی نۆیەمدایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە