چاڤی: گاڤی دڵی لە قاچەکانیدایە

رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، سوورە لەسەر ئەوەی یارییەکەی ئەمڕۆیان لە ئێلچی ببەنەوە، پەسنی یاریزانی گەنجی تیپەکەیشی، گاڤی دەدات و دەڵێت "گاڤی دڵی لە قاچەکانیدایە".
 
ئەمڕۆ کاژێر 17:15 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی بارسێلۆنا لە گەڕی شەشەمی لالیگادا، لەسەر یاریگەی کامپ نو میوانداری یانەی ئێلچی دەکات.
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ میدیاکاران کرد و دووپاتیکردەوە کە یارییەکە بۆ ئەوان زۆر گرنگە و هەر دەبێت ببەنەوە.
 
راهێنەری بلاوگرانا گوتی "دەبێت یارییەکە ببەینەوە، دواتر ئەنجامی یارییەکانی دیکە دەبینین، هەمیشە گرنگی بەو شتانە دەدەین کە لەگەڵ هەموو تیپەکانی لالیگا روودەدەن، لەوەش زیاتر کاتێک دێربی لە مەدرید لە نێوان ئەتلەتیکۆ مەدرید و ریال مەدرید دەکرێت، بەڵام ئێستا ئێمە سەرنجمان لەسەر بەدەستهێنانی سەرکەوتنە بەرامبەر ئیلچێ، یارییەکی باش بکە بۆ ئەوەی هەستێکی باش بەدەستبهێنیت".
 
سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستی گاڤی، پرسیار لە چاڤی کرا و ئەو لە وەڵامدا گوتی "زۆر دڵخۆشم، ئەمە هەواڵێکی نایابە، گرنگترین هەواڵی تەواوی هەفتەکەیە".
 
چاڤی زیاتر پەسنی گاڤی دا و گوتی "ئەو یاریزانێکی گرنگە بۆ ئێستامان و داهاتوومان، سەرەڕای بچووکی تەمەنی لە نێو یاریگادا سەرکردەیە، کەسایەتییەکی سەرسوڕهێنەری هەیە. ئەو خولیا و بەهرەیەکی زۆری هەیە، من دەڵێم دڵی لە قاچەکاندایە، ئەو زۆر شت بۆ تیپەکە زیاد دەکات، دەتوانێت لە هەر شوێنێکدا یاری بکات، راست، چەپ، سەرەوە یان خوارەوە".