ئەنتۆنیۆ کۆنتی: سۆن سەرمایەیەکی مەزنە

17-09-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئەنتۆنیۆ کۆنتی هیۆنگ مین سۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەنتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەری یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی دووپاتیکردەوە کە یارییەکەیان بەرامبەر لێستەر سیتی ئاسان نابێت، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە گۆڵنەکردنی ئەستێرەی تیپەکەی، هیونگ مین سۆنی کۆری بۆ ئەو کێشە نییە و گوتی "سۆن دەتوانێت بەرگەی ئەو دۆخە بگرێت".
 
ئەمڕۆ کاژێر 19:30 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی تۆتێنهام لە گەڕی 8ـی پرێمەرلیگدا، میوانداری یانەی لێستەر سیتی دەکات.
 
ئەنتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەری یانەی تۆتێنهام، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و لەبارەی یارییەکەوە گوتی "یارییه‌كی ئاسان نابێت به‌رامبه‌ر لێسته‌ر، هه‌وڵ بۆ بردنه‌وه‌ ده‌ده‌ین، به‌ڵام پێموایه‌ لێسته‌ریش هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات، ده‌بێت به‌ گرنگیدانێكی زۆر و خواستێكی زۆرەوە درێژە بە وه‌رزه‌كه‌ بده‌ین".
 
ئەو زیاتر گوتی "دەبێت هەست بەوە بکەین کە ئەنجامی یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆماندا بکوژین كاتێك دەرفەتمان دێتە پێش، ئەوە جیاوازی نێوان تیپی باش و تیپەکانی لووتکەیە، تیپەکانی لووتکە هەست بە ساتەوەختی كوشتنی ئەنجامەكە دەكەن و ئەو كارە دەكەن، لەوانەیە ئەوە یەكێك بێت لەو بوارانەی کە پێویستە پەرەیان پێبدەین، بواری زۆرمان هەیە بۆ باشتربوون".
 
سەبارەت بەوەی کە هیونگ مین سۆنی هێرشبەری لەم وەرزەدا هیچ گۆڵی نەکردووە؟ کۆنتی گوتی "سۆن یاریزانێکی زۆر باشە و دەتوانێت بەرگەی گوشارەکانی ئەو دۆخە بگرێت کە تێیدایە و لەم وەرزەدا تاوەکو ئێستا گۆڵی نەکردووە".
 
هەروەها زیاتر گوتی "ئەو رووبەڕووی دۆخەکە دەبێتەوە و بەسەریدا زاڵ دەبێت، چونکە دووبارەی دەکەمەوە کە سۆن سەرمایەیەکی گەورەیە بۆ من و هاوڕێکانی و هاندەران و تەواوی ژینگەی کارکردنیشی. دەبێت دووبارەی بکەمەوە کە سۆن هەرگیز نابێتە کێشە بۆ من".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە