سەرۆکی فیفا پیرۆزبایی لە عەدنان درجال دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا)، پیرۆزبایی لە عەدنان درجال دەکات، بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی نوێی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق.
 
ئینفانتینۆ لە نامەیەکدا بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق نووسیوویەتی " رۆشنبیری، کەسایەتی و ئەزموونی کارکردنت، بێگومان کاریگەرییەکی گرنگی لەسەر بەرەوپێشبردنی یارییە جوانەکەمان لە عێراق دەبێت."
 
سەرۆکی فیفا دەڵێت "متمانەم بە تۆپی پێی عێراق هەیە، ئێوە دەتوانن پشت بە پشتگیری من و فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ببەستن بۆ ئەوەی بگەن بەم ئامانجە."
 
ئینفانتینۆ لە نامەکەیدا بۆ عەدنان درجال زیاتر نووسیوویەتی "دەرگەی فیدراسیۆنی تۆپی پێ هەمیشە کراوەیە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی وەرزشەکەمان و بەرەوپێشبردنی، دەمەوێت پیرۆزباییەکەم بگەیێنیتە جێگرەکانی سەرۆک و هەموو ئەندامانی هەڵبژێردراو لەگەڵ ئێوە."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی فیفا دەڵێت "هیوای سەرکەوتن بۆ تۆ و تیمەکەت دەخوازم لەم ئاڵنگارییەی چاوەڕێتان دەکات، بۆ دروستکردنی دیمەنێک و میراتێک بۆ داهاتووی تۆپی پێی عێراق، چاوەڕێم بۆ ئەوەی لە نزیکەوە یەک ببینین."
 
لە هەڵبژاردنەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقدا، کە رۆژی 14-9-2021 لە بەغدا ئەنجامدران، عەدنان درجال بە زۆرینەی دەنگ کە 48 دەنگی بەدەستهێنا وەک سەرۆکی نوێی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هەڵبژێردرا و بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر شەرار حەیدەر، سەرۆکی یانەی کەرخ بەدەستهێنا.
 
لە هەڵبژاردنەکاندا، عەلی جەبار، بە جێگری یەکەمی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێ و یونس مەحموود بە جێگری دووەمی سەرۆکی فیدراسیۆنەکە هەڵبژێردران.